سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانیی دهۆک: هێشتا بە دۆلار کاڵا لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانیی دهۆک دەڵێت، وەرگرتنی گومرگ بە دینار لە دەروازە سنوورییەکان لە بەرژەوەندیی بازرگانان و حکومەتە. دەشڵێت، هێشتا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بە دۆلارە و بە لیرە نییە.
 
مامەڵەکردن لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل هێشتا بە دۆلارە، لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو لە یەکی مانگی 11ـەوە لە هەموو دەروازەکاندا مامەڵەکردن بە دۆلار ببێتە دینار. 
 
رۆژی یەکشەممە 17-12-2023، ئەیاد حەسەن، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانیی دهۆک میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00 بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد. ئەیاد حەسەن رایگەیاند، بابەتی وەرگرتنی گومرگ بە دینار، لە بەرژەوەندیی بازرگانانە و حکومەتیش زەرەر ناکات. عێراق کێشەی دۆلاری نییە، بەڵکو کێشەی دیناری هەیە چونکە "کوتلەی نەقدی بەدەست خەڵکە."
 
وەک ئەیاد حەسەن باسی دەکات، مەبەست لە بڕیارەکەی حکومەت دەستکەوتنی نەختینەیە.
 
بەپێی بڕیارەکە، ئەگەر بازرگانێک بڕی 10 هەزار دۆلار گومرگ بدات، دەبوو نزیکەی 16 ملیۆن دینار بدات دوای گۆڕینەوەی پارەکەی، بەڵام ئێستا بە هەمان بڕی دۆلار، 13 ملیۆن و 200 هەزار دینار گومرگ دەدات. بەوەش دوو ملیۆن و 800 هەزار دینار کەمتر وەک گومرگ دەدات.
 
سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی دهۆک باسی لەوەشکرد، بڕیاری وەرگرتنی گومرگ بە دینار لە دەروازەکان لەدەست وەزارەتی داراییە و دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ گومرگی عێراق بکەن و، لە بەرژەوەندیی بازرگانە هەموو سنوورەکان وەکو یەک بن؛ وەرگرتنی بە دینار لە دەروازەکانی عێراق، وا دەکات بازرگانی کورد تووشی زەرەر بێت و رەنگە ناچاربێت بچێتە دەروازەیەکی دیکە کاربکات.
 
ئەیاد حەسەن دەڵێت، بڕیاری وەرگرتنی گومرگ بە دینار تازەیە و بازرگانانی کورد پابەندن پێوەی و متمانەیەکی باش لەنێوان بازرگانان و ئیدارەی گومرگی دهۆک و ئیدارەی زاخۆدا هەیە، بەڵام بازرگانانی کورد لەگەڵ ئەوەدان گومرگ بکرێتە دینار، چونکە لەنێو بازاڕدا کاڵاکانیان بە دینار دەفرۆشن.
 
ئەو بەرپرسەی پێشووی ژووری بازرگانیی دهۆک گوتیشی، هەرچەندە بازرگانان زیاتر متمانەیان بە دۆلار هەیە، بەڵام چونکە لە بازاڕ بە دینار کاڵاکانیان دەفرۆشن، حەز دەکەن گومرگیش بە دینار بدەن. لە بەرژەوەندیی حکومەتیشە، چونکە ئەویش پێویستی بە دینارە.
 
ئەیاد حەسەن دەشڵێت "بازاڕی عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەو کاڵایانەی لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن، 80٪یـان دەنێردرێنە بازاڕەکانی عێراق."
 
لەبارەی مامەڵەی بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا بە دراوی لیرەی تورکی لە تورکیاوە، ئەیاد حەسەن دەڵێت، "با واقیعیانە قسە بکەین؛ نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ تەواوی وڵاتان دۆلار بووەتە دراوێکی جیهانی." دەشڵێت، "بابەتەکە متمانەیە؛ هێشتا بازرگانانی کورد و کۆمپانیا تورکییەکان متمانەیان بە دۆلارە و کۆمپانیا تورکییەکان کاڵاکانی خۆیان بە لیرە نافرۆشن و هەموو مامەڵەیەک بە دۆلارە."
 
ئەو پێیوایە، بابەتی هاوردەکردنی کاڵا لە تورکیاوە بە لیرە تەنیا بابەتێکی رواڵەتییە نەک واقیعی. راشیدەگەیێنێت، کاتێک مامەڵە بە لیرە دەکرێت، ئەگەر عێراق بڕیار بدات لەبری دۆلار، لیرە لە بانکەکانەوە حەواڵەی تورکیا بکرێت.