فەیسبووک بەهۆی سیستمی نوێی IOS رەخنە لە ئەپڵ دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رەخنەی تووند لە کۆمپانیای ئەپڵ دەگرێت و دەڵێت دوایین هەنگاوی کۆمپانیای ئەپڵ لە سیستمی نوێی بەکارخەری مۆبایلەکانیدا زیانی گەورە لە بازرگانییە بچووکەکان دەدات.
 
کۆمپانیای ئەپڵ لە سیستمی نوێی 'IOS' کە مۆبایلەکانی ئایفۆن بەو سیستمە کاردەکەن هەندێ رێوشوێنی گرتووەتەوەبەر بە ئاراستەی سەپاندنی شەفافیەت لە داتاکانی تاکەکەسی بەکارهێنەر.
 
کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا زۆر جار داتاکانی تاکەکەسی بەکاردەهێنن و بە مەبەستی ریکلام کەڵکی لێوەردەگرن.
رێوشوێنەکانی کۆمپانیای ئەپڵ بە کردەیی کارێک دەکات کە کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆژیا نەتوانن کەڵک لە زانیارییەکانی تاکەکەس وەربگرن.
 
کۆمپانیای فەیسبووک رەخنە لە کۆمپانیای ئەپڵ دەگرێت و دەڵێت دوایین هەوڵی کۆمپانیای ئەپڵ لە سیستمی نوێی 'IOS' هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئینتەرنێت.