رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، کریس رایت، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی لیبێرتی ئێنێرجی بەربژێر کرد بۆ پۆستی وەزیری وزەی کابینەکەی.
کریس رایت، کەسایەتییەکی بەنێوبانگە لە پیشەسازیی نەوت، بەو پێیەی لایەنگری پەرەپێدان و وەبەرهێنانە لە وزە نەریتییەکانی وەک نەوت و گاز.
رایت، پێیوایە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا بەرزبکرێتەوە و پێشبخرێت، بۆ ئەوەی خواست لەسەر کارەبا دابین بکرێت، کە لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە.
بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری وزەی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ هەروەها دژی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی لیبێرتی ئێنێرجی، رەتیدەکاتەوە هیچ قەیرانێکی ژینگەیی هەبێت، تەنانەت قۆناخی گواستنەوەی وزە رەتدەکاتەوە، کە دەبێت لە وزە نەریتییەکانەوە بگۆڕدرێت بۆ وزە نوێبووەوەکان.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا تەنیا چاودێریی چالاکییە نەوتی و گازییەکانی ئەو وڵاتە ناکات، بەڵکو یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکاش بەڕێوەدەبات کە کریس رایت پێیوایە دەبێت ئەو یەدەگە پڕبکرێتەوە.
جگە لە نەوت و گاز، وەزارەتی وزە سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی ئەتۆمیشەوە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە بۆ یەکەمجارە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا لە ئەمریکا زیادیکردووە. بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، دراوە دیجیتاڵییەکان و ژیریی دەستکرد، هۆکارن بۆ زیادبوونی خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ