کەمکردنەوەی باجی گومرگی بەشێک لە کارگەکانی ئاسن ناچار بە داخستن دەکات
رووداو - هەولێر
کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی ئاسن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وایکردووە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی بۆریی ئاسن چیدیکە توانای رکابەریی لەگەڵ بەرهەمی ئاسنی ئێرانی و تورکی نەمێنێت. کارگەکە نزیکەی پێنج مانگە لە کارکردن راوەستاوە و رۆژانە زیاتر لە 50 تۆن بۆریی ئاسنی بەرهەمدەهێنا و زیاتر لە 10 کەسیش کاری تێدا دەکرد.
دەشتی سەعید، سەرپەرشتیاری کارگەکە دەڵێت، "پێشتر کە تۆنی 140 دۆلار گومرگ لەسەر ئاسنی هاوردە بوو، بۆ ئێمە تۆنێک 30,40 دۆلار قازانجی هەبوو، بەڵام کە دابەزی بۆ تۆنی 70 دۆلار گومرگ، ئیدی هیچ قازانجێک نەمایەوە و پێموانییە ئاوا هیچ کارگەیەک بتوانێت لە بەرهەمهێنان بەردەوام بێت."
رووداو بەدواداچوونێکی کرد لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ خاوەنی چەند کارگەیەک قسەی کرد؛ زیاتر لە 10 کارگە رێژەی بەرهەمهێنانیان تاوەکو نزیکەی 40% دابەزیوە.
عەلی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارگەی شیش ئاماژە بەوە دەکات، "بەو کولفەیەی کە ئێمە لێرە تۆنێک ئاسن بەرهەم دەهێنین، لە وڵاتانی وەکو ئێران و تورکیا زۆر بە کەمتر هاوردە دەکرێت، چونکە ئەوان مەوادیان و دەستی کاریشیان زۆر هەرزانترە."
یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی کوردستان بەناوی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکانە؛ ئەم یاسایە تاوەکو ئێستا کاری پێنەکراوە، ئەگەریش کاری پێبکرێت ئەوا زۆربەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ناکرێتەوە.
عەلی کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، "بەپێی یاساکە، دەبێت کارگەکان 50%ی بەرهەمهێنانیان پشت بە سەرچاوە ناوخۆییەکان ببەستن، کە بەو پێیە نزیکەی 70%ی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و ئەمە کێشەیە بۆ کارگەکان."
لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، ئەو بەرهەمانەی کە لە ئۆکرایناوە هەناردەی وڵاتان دەکران، تووشی کەمیی هاتن. لە هەرێمی کوردستان بۆ رێگری لە دروستبوونی قەیران، باجی گومرگی لەسەر چەند بەرهەمێک کەم کرایەوە. یەکێک لەوانە بەرهەمەکانی ئاسن بوو بەگشتی؛ بەڵام بەرهەمهێنانی ئاسن خەریکە لەو رووەوە هەرێمی کوردستان بەرەو قەیران دەبات.