نرخی نەوت بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی و زێڕ جێگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهۆی کەمبوونەوەی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان و زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، دابەزی.
 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیکەی یەک دۆلار دابەزی و بە 91 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا یەک دۆلار و 15 سەنت دابەزی و بە 84 دۆلار 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (CMC مارکێت) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "نرخی نەوت دابەزیوە، دوای ئەوەی ناتۆ رایگەیاند ئەو مووشەکەی کە ئاراستەی خاکی پۆڵەندا کرا لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکرایناوە هاوێژراوە."
 
تێنگ هەروەها دەڵێت، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە چین نیگەرانیی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.
 
ستێڤن ئێنەس، شرۆڤەکارێکی دیکەی نەوت لە کۆمپانیای راوێژکاریی (SPI ئەسێت مەنەیجمێنت) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان نیگەرانیی جیددی سەریهەڵداوە کە حکومەتی چین رێوشوێنەکانی لە دژی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووند بکاتەوە."
 
بەپێی نوێترین ئامارەکانی ئاژانسی تەندروستیی چین، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چین بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 23 هەزار تووشبوو.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1773 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە جێگیری مایەوە و هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی 1773 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دوای ئەوەی ناتۆ رایگەیاند کە هێرشی سەر پۆڵەندا بە هەڵە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکرایناوە روویداوە و، مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینا کەم بووەوە، بەو هۆیەوە نرخی زێڕ نەیتوانی بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
 
لە لایەکی دیکەوە بازرگانانی زێڕ هیوادارن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی بەرزبکاتەوە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە لە هەفتەی رابردوو. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی دژ بەیەک لەسەر چۆنێتیی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدەن.
 
ماری دالی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی سان فرانسیسکۆ رایگەیاند، بانکی ناوەندی بەنیازە سوودی بانکی تاوەکو 5% بەرزبکاتەوە و لە بەرنامەیاندا نییە بەمزووانە لە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بوەستن.