بەهای زێڕ لە بەرزترین ئاستی مێژوو نزیک دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ نزیکبووەوە لە بەرزترین ئاستەکانی لە مێژوو دا، هەر ئۆنسەیەکی بە 2682 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ناڕوونییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەمریکا و ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بوونە هۆکار نرخی زێڕ ببێتەوە لە نزیکەی بەرزترین ئاستەکانی مێژوو کە 2685 دۆلارە.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 بەرزبووەوە بۆ 2697 دۆلار.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئوانادا لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ براوەی هەڵبژاردن بێت، ئەوا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین تێکدەدات و ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات."
 
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەرگری لە سیاسەتەکانی کرد کە پەیوەست بوون بە سەپاندنی پێناسی گومرکی بەسەر بەرهەمی چینی.
 
ئەمرۆ ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی وردەفرۆشی ئەمریکا و کەرتی پیشەسازی بڵاودەبنەوە و بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
 
بەپێی شرۆڤەکاران ئەگەر هاتوو داتاکانی کەرتی پیشەسازی لە ئەمریکا لاوازبن، پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروست دەبێت، بەو پێیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دڵنیادەکاتەوە کە سوودی بانکی بەڕێژەیەکی زیاتر کەمبکاتەوە.
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە بەهای دۆلاری ئەمریکی کەمدەکاتەوە و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.