هەولێر و بەغدا پرسی تەمەن و سندووقی خانەنشینی یەکلایی دەکەنەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خانەنشینیى سەربازی، تەمەنى خانەنشینبوون و سندووقى خانەنشینى دیارترين ئەو پرسانەى تایبەت بەو توێژەن کە لەنێوان هەرێمى کوردستان و عێراق یەکلایی نەبوونەتەوە و، لە رێگەى لیژنەیەکى 9 کەسی نێوانیان چارەسەر دەکرێن.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، گفتوگۆیەکی سەرەکى لەنێوان بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵی بۆ یەکلاییکردنەوەى پرسی یەکخستنى مووچەى خانەنشنیان دەبێت بۆ ئەوەى هاوتاکردنى مووچەکە جێگیر بکرێت.
 
شاندێکى بەڕێوەبەرایەتیى خانەنشینى هەرێمى کوردستان چووەتە بەغدا و ئەرکى سەرەکى یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسانەیە کە بە هەڵپەسێراوى لەنێوانیاندا ماونەتەوە. ئەو کارە لە رێگەى لیژنەیەکەوە دەکرێت کە هێشتا ئەندامەکانى دیاری نەکراون.
 
 سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو لیژنەیە لە 23ى حوزەیران بڕیارى لێدراوە و لە یەکى تەممووز لەلایەن ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە هەموارکراوەتەوە و کراوە بە 9 ئەندام؛ 3 کەس لە ئەندامەکانی سەر بە هەرێمى کوردستان و 6 ئەندامەکەى دیکە سەر بە حکومەتى فیدراڵین".
 
 کاراکردنى ئەو لیژنە هاوبەشە دوای دیاریکردنى ئەندامەکانى دەبێت. بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، بڕیارە لە 2 هەفتەى داهاتوودا ئەندامەکان دیاری بکرێن، بەو پێیەى لە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمى کردستان لە سەرەتاى ئەم مانگەدا لە هەولێر لەبارەى کاراکردنى رێککەوتوون.   
 
یەکێک لەو پرسانەى هێشتا لەنێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی نەبووتەوە خانەنشینیى سەربازییە. حکومەتى فیدراڵى یەک یاسای هەیە کە خانەنشینکردنى کارمەندانى هێزى ئەمنی و سەربازی رێکخستووە، لە کاتێکدا ئەو هەنگاوە لە هەرێمى کوردستان بە چەند رێکارێک کراوە. بەغدا داوا دەکات خانەنشینى سەربازى لە هەرێمى کوردستان بە گوێرەى ئەو یاسایە بکرێت.
 
 بۆ ئەو هەنگاوە بەغدا داواى کردووە وردبینى لە لیستى خانەنشینانى سەربازیى هەرێمى کوردستان بکات بۆ ئەوەى لەگەڵ خانەنشیانى سەربازیى عێراقى بەراوردى بکات.  
 
سەرچاوەیەکى ئاگاداری ئەو پرسە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو کەسانەى بە پلەى سەربازى خانەنشینکراون، دەبێت پلەبەندى سەربازییان بڕیبێت تاوەکو گەیشتبنە ئەو پلەیەى پێى خانەنشین کراون".
 
پرسێکى دیکە کە دەبێت رێککەوتنى لەبارەوە بکرێت تەمەنى خانەنشینییە کە دەبێت هەولێر و بەغدا یەکلایی بکەنەوە. بە گوێرەى یاساى خانەنشینیى عێراق، 60 ساڵ دیاریکراوە بۆ خانەنشینکردن، لە کاتێکدا لە هەرێمى کوردستان تەمەنى خانەنشینکردن بە 63 ساڵ دیاریکراوە. 
 
 ئەو  یەک تریلیۆن و 181 ملیار دینارەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ مووچەى مانگەکانى تەممووز و ئابی هەرێمى کوردستانى ناردووە 10%ى لە مووچەى فەرمانبەران بڕدراوە وەک جێبەجێکردنى رێکارەکانیان بۆ پارەدارکردنى سندووقى خانەنشینى، ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمى کوردستان 7%ى  مووچە بۆ سندووقى خانەنشینى دەبڕدرا. 
 
 یەکێک لە کێشەکانى دیکە لەنێوان هەردوولادا چارەنووسى سندووقى خانەنشینى هەرێمى کوردستانە کە چۆن لەگەڵ هەمان سندووقى عێراق رێکدەخرێتەوە یان دەکرێن بە یەک، لە کاتێکدا لێبڕینى مووچەى خانەنشینى لە بەغدا بێت. 
 
سۆران عومەر گوتى، "لیژنە هاوبەشەکە دوو ئەرکى هەیە. یەکێکیان ئەوەیە بە گوێرەى یاسای خانەنشینیی عێراق هاوتاى مووچەى خانەنشینان بکات؛ دووەمیان یەکلاییکردنەوەى پرسی سندووقى خانەنشینیی هەرێمى کوردستانە" .
 
بۆ هەردوو مانگى تەممووز و ئاب، وەزارەتى دارایی عێراق یەک تریلیۆن و 181 ملیار دینارى بە ناوى مووچەى مانگى ئاب و بەشێک لە مووچەى تەممووز بۆ  هەرێمى کوردستان نارد، لەکاتێکدا مووچەى مانگێک بە هاوتاکراوى زیاتر لە 998 ملیار دینارە.
 
وەزارەتى دارایی فیدرڵ سەرەڕاى بڕینى 10%ى مووچە بۆ خانشینى ئەو 54 ملیار دینارەى نەناردووە کە پێویستە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و ئەو کورتهێنانە لە داهاتى ناوخۆ پڕ کراونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕنگرییەک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی دیکەی تۆمار کرد

نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و ئەمڕۆ دووشەممە یەک ئۆنسەی بۆ 2586 دۆلار بەرزبووەوە. هاوکات ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کە رۆژی چوارشەممە بڕیاری لەسەر دەدات، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.