گۆڵدمان ساکس: سەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ دەگاتە 2700 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن، کە لە رۆژی چوارشەممە ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 2578 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد و بەرزبووەوە بۆ 2589 دۆلار، کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژوودا.
 
دابەزینی بەهای دۆلار بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە چەند رۆژی رابردوودا.
 
بەپێی رووپێوەکان، 67%ی بازرگانان پێشبینی دەکەن لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی 0.5% لە سوودی بانکی دەدات.
 
تەنیا 33%ی بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بە رێژەی تەنیا 0.25% کەم دەکاتەوە.
 
سەرەڕای دابەزینی چەند دۆلاری ئەمڕۆی نرخی زێر، بەڵام یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان، کە بانکی گۆڵدمان ساکسە، دەڵێت، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرەتای ساڵی 2025 دەگاتە 2700 دۆلار.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا تەنیا بە ریژەی 0.25% سوودی بانکی کەم بکاتەوە، نرخی زێڕ بۆ ماوەیەکی کورت رۆژی چوارشەممە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە درێژخایەندا بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 2700 دۆلار لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوودا.
 
شرۆڤەکارانی بازاڕی زێڕ پێیانوایە، کێشە ئابوورییەکانی چین، ناڕوونییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و کێشە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە هۆکار بۆئەوەی نرخی زێڕ لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا، بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.