نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 73 دۆلار بەرزبووەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
 
کاریگەرییەکانی باهۆزی (فرانسین) لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا و کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 72 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نووسینگەی سەلامەتی و ژینگەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی باهۆزی فرانسین 12%ی بەرهەمی نەوت 16%ی بەرهەمی گازی ئەمریکا لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیک کەمبووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی کەم دەکاتەوە، کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کۆمپانیاکان دادەنێت؛ ئەو دوو هۆکارە لە بازاڕی نەوت لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتیان، کەمکردووەتەوە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی ئوسترالی - نیوزلاندی لەبارەی بازاڕی نەوتەوە لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران رایانگەیاند، "چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بە ئەرێنی کاریگەریی لەسەر بازاڕی کانزاکان داناوە."
 
بەپێی راپرسییەکان، ئەگەری هەیە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 200 هەزار بەرمیل کەمی کردبێت، کە هەموو ئەم هۆکارانە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیان لێکەوتووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە