حکومەتی عێراق 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا 2.1 تریلیۆن دینار بۆ سێ مانگی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت."
لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان داوای بڕی 800 ملیار دیناری کردبوو بۆ هەر مانگێک، بەڵام حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا 700 ملیار دینار بنێرێت.
لەدوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، "سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دابنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
مەسرور بارزانی، هاوکات "هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور و رێککەوتنەکان."