مستەفا گەرعاوی: هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەمووان هەوڵدەدەن کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن و هەوڵەکانیشیان دەستپێکردووە. داواش دەکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی سیاسی دووربخرێتەوە.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-09-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەموومان هەوڵدەدەین کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین، لیژنەی دارایی و پەرلەمان میوانداریی و رێکارەکانی دەستپێکردووە، وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی ئامادەبوو، داوا لە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانیش کراوە سبەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی ئامادەبێت، هەموو ئەو هەنگاوانە بۆ چارەسەرکردنی مووچە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی هاووڵاتیی کوردە لە ململانێی سیاسی، تاوەکو مانگانە شایستەی خۆی بەتەواوی وەربگرێت بەبێ هیچ کێشەیەک."
ئەمڕۆ 17 مانگی ئەیلوولە تائێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەکرێت. بڕیارە ئەمڕۆ 17-09-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و بڕیار لە ناردنی بڕە پارەیەک بدات بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوو چارەسەر خراونەتەڕوو، یەکێکیان چارەسەرێکی هەنووکەییە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ، مانگانە 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات بۆ مووچە، تاوەکو ئەو کاتەی دەرفەتێکی زیاتر لەبەردەم پەرلەمان و لایەنە پەیوەندارەکانەوە دروست دەبێت بۆ پێداچوونەوە بە دەقەکانی پەیوەست بە مادەکانی هەرێمی کوردستان لە نێو یاسای بودجەی گشیی عێراق."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی چوار تریلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت تاوەکو 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، واتە هەر مانگێک 800 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ تەرخانکراوە."
گوتیشی: "ئەو پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر ناردنی دەدات تایبەتە بە مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدای گوتووە، ئەو پارەیەی بە تەواوەتی بەشی مووچە ناکات، بەڵام تەواوکەرەکەی لە داهاتی ناوخۆیی تەواو دەکات."
لەبارەی چۆنیێتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە، د. نەرمین مەعرووف، گوتی: "رەوانەکردنی پارە ئەگەر لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان بێت لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا ئەوا رەنگە نەتوانرێت ئەو بڕە پارەیە دەستبەر بکەین، بۆیە دەکرێت حکومەتی عێراق بە سولفە، یان قەرز ئەو پارەیە رەوانەی هەرێمی کوردستان، دواتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پاکتاوی دارایی کۆتایی ساڵ، دەکرێت ئەم بڕە پارانە لە پشکی هەرێمی کوردستان بشکێنرێت".
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا. قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە زیاتر لە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.