ئەندامێکی لیژنەی دارایی: ئەو پارەیەی بە قەرز دەدرێتە هەرێمی کوردستان سوودی ناخرێتە سەر

17-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن قەرزی هەرێمی کوردستان نەرمین مەعرووف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو بڕگەیەی گرفتی بۆ خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا دروستکردووە، هەژمارکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە بەپێی 'خەرجیی راستەقینە' و ئەگەر هەرێمی کوردستان چارەسەری نەکات، بۆ دوای ساڵی 2026ـیش بەرۆکی دەگرێتەوە.
 
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە پۆدکاستی رووداوی عێراق رۆژی شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند "ئەو گرفتەی بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا دروستبووە، بەهۆی مادەی 11ـی یاساکەیە، کە پشکی هەرێمی کوردستانی بەستووەتەوە بە خەرجیی راستەقینەی 15 پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش لەدوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی و حاکیمە، ئینجا پشکی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.67٪ لە خەرجیی راستەقینەی 15 پارێزگاکە دیاریدەکرێت."
 
ئەم دەستەواژەیە تاوەکو ساڵی 2013 لە بودجەی عێراقدا نەبووە، وەکو د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی پێدەدات "لە ساڵی 2015ـەوە ئەم دەستەواژەیە زیادکراوە و لە هەموو یاسای بودجەکانی دواتریشدا دووبارەبووەتەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان کێشەمان لەگەڵ ئەو بڕگەیە نەبووە، لەبەرئەوەی لەو ساڵانەدا پشکی هەرێمی کوردستان وەکو ئەمساڵ لە بەغداوە نەنێردراوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە؛ گرفتی دەستەواژەی 'خەرجیی راستەقینە' لەوەدایە؛ لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە خەرجیی مووچە، پارەیەکی ئەوتۆی دیکەیان بۆ خەرج ناکرێت و زۆربەی کات بودجەی وەبەرهێنانیش خەرج ناکرێت، ئەو یاسایە لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بەو پاساوە زیادکرا کە ئەو بڕە بودجەیەی دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی ساڵدا پاکتاو ناکرێتەوە بۆ ئەوەی زیادەکەی بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 47 ترلیۆن دینار خەرجکراوە کە لەو پارەیە 27 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجی سەروەری و حاکیمە بووە و تەنیا 20 ترلیۆن دیناری بۆ خەرجی راستەقینە بووە، بە گوتەی د. نەرمین مەعرووف؛ "لەو 20 ترلیۆن دینارە 12.67٪ـی پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە."

 

 

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، هەرێمی کوردستان دەبێ چارەسەری دەستەواژەی 'خەرجیی راستەقینە' لە بودجەی گشتیدا بکات و دەشڵێت "ئەوە یەکەم ساڵە یاساکە بە کردار جێبەجێدەکرێت، ئەگەر لە ئێستاوە هەرێمی کوردستان چارەسەری نەکات، بۆ ساڵانی داهاتوو و لە بودجەی دوای ساڵی 2026ـیشدا جارێکی دیکە بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
 
د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوەدا ئەگەر هەرێمی کوردستان بە بەڵگە بیسەلمێنێت زیادکردنی دەستەواژەی خەرجیی راستەقینە لە مادەی 11ـی بودجەی عێراق زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر ئەو بڕگەیە تۆمار بکات و ئەگەری بردنەوەی لەو سکاڵایەش بەهێز دەبێت.
 
هەر لەنێو بودجەی گشتیی عێراقدا، ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 658 هەزار و 189 کەس هەژمار کراوە، ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەری هەیە، د. نەرمین مەعرووف ئەو ژمارە فەرمانبەرە بۆ کۆنووسێکی ساڵی 2023ـی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەولێر و بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
 
بە گوتەی د. نەرمین مەعرووف "دوایین میلاکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە پەسندکراوە، بەپێی کۆنووسی دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە کە لە ساڵی 2013 ئامادەکراوە و لەدوای ئەم ساڵەوە میلاکی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتبێت، لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە پەسند نەکراوە."
 
لەبارەی ئەو ئەو بڕە پارانەی ئەمساڵ وەکو قەرز لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەراون بە هەرێمی کوردستان دراون، د. نەرمین مەعرووف دەڵێت "ئەو قەرزانە سوودی بانکییان نایەتە سەر، هەرچەند خاوەنی ئەو بانکانەی کە قەرزەکەیان داوە بە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە سووی بخەنە سەر، بەڵام ئەوانیش رەچاوی ئەوە دەکەن کە نابێت بارگرانی لەوە زیاتر بکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە