بانکی ناوەندیی بۆ رووداو: دەمانەوێت دۆلار بە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بدەین

17-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ کردنەوەی دەروازەکانی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمیی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی دەڵێت: بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەمان کردووە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 17ـی ئابی 2024) عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " بەمەبەستی دەستپێکردنی پڕۆسەی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوەمان کردووە و، هەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا دەستپێبکرێت."
 
لە فڕۆکەخانەکانی عێراق، دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران دەدرێت، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقییە.
 
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو؛ کە ناوی خۆیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بانکە عێراقییەکان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی دۆلار و پێدانی بە گەشتیاران، عەممار خەڵەف گوتی، هەموو رێکار و بەڵگەنامەکانیان بەدەست گەیشتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی سەرجەم کۆمپانیا تۆمارکراوەکان دەدرێتەوە. 
 
لە بارەی دابەزین و جێگیربوونی نرخی دۆلار، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "تێکڕای رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخەینە بازاڕەوە؛ ئەوەش بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلارە، هیوایەک هەیە لەم رۆژانەی داهاتوودا نرخەکەی دابەزێنین. 
 
لە وەڵامی ئەوەی ئاخۆ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بانکە عێراقییەکان هەڵدەگیرێن، عەممار خەڵەف گوتی، "لەکۆتایی ئەم مانگەدا شاندێکی بانکی ناوەندیی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان کۆدەبێتەوە."
 
زیاتر لە مانگێکە حەواڵەی بازرگانی بۆ چین کێشەی تێکەوتووە، کە ئەوەش بە هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەزانرێت، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی دەشڵێت، هەوڵی جیدییان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە داوە و لەم نزیکانە حەواڵەکان ئاسایی دەبنەوە، کە ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو بێت. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە