جووتیارانی مەڕەش تەماتەکانیان فڕێدەدەن و رەخنە لە حکومەت دەگرن
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان، جووتیاران بە تراکتۆرەکانیان چوونە سەر شەقام و دواتریش لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا بەرهەمی تەماتەکانیان فڕێدا.
وەک ناڕەزایی بەرامبەر هەرزانبوونی نرخی تەماتە و بیبەر، رۆژی شەممە (17-8-2024) بەشێک لە جووتیارانی مەڕەش بە تراکتۆرەکانیان چوونە سەر شەقام.
ئەو جووتیارانەی گردببوونەوە، زیاتر تەماتە و بیبەریان کردووە و دەڵێن، ئەو نرخەی ئێستا بۆ بەرهەمەکانیان دانراوە، تەنانەت دەستمایە پڕناکاتەوە و دەبێت لە گیرفانی خۆیان خەرجیی چاندنەکە بدەن.
جووتیارانی مەڕەش لەسەر رێگەی سەرەکیی مەڕەش - دیلۆک قسەیان بۆ میدیا کرد و تەماتەکانیان لەسەر شەقامەکە رۆکرد.
یەکێک لە جووتیاران بە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەوانەی لە مەڕەش بەرهەمی تەماتەیان لە دەست ماوەتەوە و نەیانتوانیوە بیکەنە پارە، قسەیکرد و گوتی "لەم شارەدا جووتیاری کۆتایی دێت، ئەگەر بە هانایەوە نەیەن شتێک بە ناوی چاندنی تەماتە نامێنێت. ئێمە تەنانەت نەمانتوانیوە خەرجییەکانی خۆمان دەربکەین، باسی قازانج هەر ناکەم."
ئەو جووتیارانە رەتیانکردەوە هیچ ئاوڕێکیان لێ درابێتەوە و لەلایەن حکومەتەوە رەچاوی دۆخەکەیان کرابێت. هەروەها رەخنەی تووندیان لە بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی مەڕەش گرت و گوتیان هیچ رۆڵێکی نەبووە و گرنگی بە جووتیاران نادات.
جووتیاران دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بەردەوام گاز، پەیین، رۆژانەی کرێکار و تەواوی پێداویستییەکانی چاندن لە گرانبووندایە، نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی قازانج.
ئونال ئاتێش، سەرۆکی رێکخستنەکانی جەهەپە لە مەڕەش قسەی بۆ میدیای تورکیا کرد و بە پێویستی زانی حکومەت هاوکاریی ئەو جووتیارانە بکات بۆ ئەوەی بێهیوا نەبن، ''چونکە کار وەها بڕوات، جووتیاران کێڵگە و تراکتۆرەکانیان دەفرۆشن و واز لە کارەکانیان دەهێنن.''
ئونال ئاتێش گوتیشی "جووتیاران دەڵێن 'ئێمە، پار هەر کیلۆیەک گەنممان بە 9 لیرە فرۆشت، ئەمساڵ بە 8 لیرە فرۆشتمان.' جووتیاران ئیدی نایانەوێت بڕۆنە نێو کێڵگەکانیانەوە. هاتوونەتە سەر ئەو خاڵەی تراکتۆر و کێڵگەکانیان بفرۆشن. لێرەوە داوا لە کاربەدەستان دەکەین، نابێت کۆمەڵگە بێبەرهەم بێت. دەبێت پشتیوانیی ئەو جووتیارانە بکەین کە بەرهەمدەهێنن. جووتیاران دەبێت ئەو بەرهەمانەیان بە نرخێک بفرۆشن کە ساڵی داهاتوو بتوانن بەرهەمی باشتر بچێنن. بەڵام وادیارە ساڵی داهاتوو بەشێکی زۆر لە جووتیارانی قەهرەمان مەڕەش هیچ ناچێنن و بەرهەم ناهێنن."