راوێژکارێکی سوودانی: دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بە نەختینەوە نییە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق نەبوونی پارەی نەختینە بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەزانێت و راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت: حکومەتی عێراق هەرگیز پارەی نەختینەی لێنابڕێت.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 17-8-2024) مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو قسانەی باس لە نەبوونی پارەی نەختینە دەکەن، دوورن لە راستییەوە و تەنیا بۆ شێواندنی راستییەکانە."
 
ئاماژەی بەوەشدا، "حکومەتی عێراق هەرگیز پارەی نەختینەی لێنابڕێت؛ ئەوە راستییەکە و نابێت بشاردرێتەوە."
 
ئەمڕۆ مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق گوتبووی، "بەهۆی کەمیی پارەی نەختینە؛ ئەگەر هەیە مووچەی فەرمانبەران زیاتر دوابکەوێت."
 
11ـى ئاب وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "ئەوەى لەبارەى نەبوونى پارەى نەختینە بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگى تەممووز و مانگەکانى دواتر "راست نین"؛ وەزارەتەکەیان مانگانە نزیکەى 7.5 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەى فەرمانبەران، چاودێریى کۆمەڵایەتى، خاوەن پێداویستیى تایبەت، دەرماڵەى قوتابیان و مووچەى موختارەکان تەرخان کردووە."
 
سەرەڕای ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەدا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە چەند رۆژێکە تەواوبووە؛ ماوەی 46 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.