هەناردە لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە 5 مانگدا زیاتر لە 48 ملیۆن دۆلار بووە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی کێلێی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە نزیکەی 5 مانگی رابردوودا بایی زیاتر لە 48 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەرەستە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە هەناردەکراوە.
 
ئەمڕۆ شەممە (17-08-2024) ئەمین غوڵامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی کێلێ رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە بایی 48 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار کاڵا و کەرەستە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
ئەمین غوڵامنەژارد گوتی، لەو ماوەیەدا 171 هەزار تۆن کاڵا و کەرەستە کە دەکاتە رۆژانە 180 بارهەڵگر، کاڵایان لە دەروازەی سنووریی کێلێوە گواستووەتەوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی دەروازی سنووریی کێلێ، ئەو کاڵا و کەرەستانەی لە رێگەی دەروازەکەوە هەناردە کراون زیاتر کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، کەرەستەی پلاستیکی، میوە و سەوزە بوون.
 
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە؛ پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان؛ باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
 
هەروەها دەروازەکانی کێلێ لە سنووری پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە هەن کە نێودەوڵەتی نین.