رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوو ئۆنسەیەک زێڕ بە 2508 دۆلار و مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 530 هەزار دینارە. جیهان چاوەڕێی رۆژی هەینیی ئەم هەفتەیەیە بۆ زانینی ئاراستەی زێڕ.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 17-8-2024) تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕە داراییەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 50 دۆلار و 48 سەنت بەرزبووەوە و بە 2 هەزار 508 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەوە یەکەمجارە لە مێژوودا نرخی زێڕ بگاتە ئەو ئاستە بەرزە.
زیادبوونی پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، داتا ئابوورییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکە و گرژییە جیۆسیاسییەکان هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
دابەزینی نرخی دۆلار
پێنوێنی نرخی دۆلار لە کاتی داخستنی بازاڕدا بۆ 102.402 خاڵ دابەزی. لە کاتی ئاساییدا هەر دابەزینێکی نرخی دۆلار بە واتای بەرزبوونەوەی دژەکانی دێت، کە دیارترینیان زێڕە.
پێنوێنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێورێت، کە بریتین لە؛ یۆرۆ، پاوەندی بەریتانی، یوانی چینی، یێنی ژاپۆنی، دۆلاری کەنەدی و کرۆنی سوێدی.
چوارەمین هەفتەی لەسەریەکە دۆلار بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە دەهێنێت، ئەوەش راستەوخۆ واتای بەرزبوونەوەی زێڕ دەگەیێنێت، چونکە بازرگان و وەبەرهێنەران بە دۆلار مامەڵە بە زێڕ دەکەن. دابەزینی نرخی دۆلار واتە بە هەرزانتر زێڕ دەکڕن.
داتا ئابوورییەکان
نزیکەی تەواوی داتاکانی دوو هەفتەی رابردووی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا دژی دۆلار بوون. بە واتەیەکی دیکە، لە بەرژەوەندیی زێڕ بوون.
رۆژی هەینی، کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، نووسینگەی ئاماری ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە مانگی رابردوودا ملیۆنێک و 238 هەزار خانوو دروستکراون، ئەمە 6.8٪ کەمتر بوو بەراورد بە مانگی حوزەیران.
هەر لەو مانگەدا مۆڵەتی بیناسازیی نوێ 4٪ کەمبووەتەوە.
رۆژی 14-8-2024ـیش وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی تەمموزی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە 3٪ـوە بۆ 2.9٪ دابەزیوە.
هاوکات بازاڕی کاریش خاوبووەتەوە، ئەوەش بەپێی خواستی بانکییە. لە مانگی رابردوودا بێکاری لە 4٪ـەوە گەیشتە 4.1٪ و، دامەزراندنیش لە کەرتی تایبەت لە 179 هەزار کەسەوە بۆ 114 هەزار کەس کەمبووەتەوە.
داتاکانی ئەمریکا کاتێک لە بەرژەوەندیی زێڕ دەبن، کە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاد بکەن. هەموو ئەو داتایانەی سەرەوە ئاماژەن بە یەک خاڵی سەرەکی، ئەویش کەمبوونەوەی خەرجییە.
هەر ئاماژە و داتایەک بۆ کەمبوونەوەی خەرجی واتە کەمبوونەوەی خواست، ئەوەش واتە دابەزینی هەڵاوسان. بە دابەزینی هەڵاوسانیش، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود زیاتر دەبێت.
هەموو چاوەڕوانییەکان ئێستا ئەوەن کە لە کۆبوونەوەی رۆژانی 17 و 18ـی مانگی داهاتوودا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات یان نا.
رێژەی سوود چییە؟
رێژەی سوودی بانکی ئەو پارە زیادەیەیە کە بانک دەیخاتە سەر پارەکەت، ئینجا بە راکێشانی پارە بێت یان دانانی لە بانک. بە واتەیەکی دیکە، بەپێی ئەو رێژەی سوودەی لە هەر وڵاتێک هەیە، پارەکەت لە بانک پارەی دەچێتە سەر و راشیبکێشیت، لێت وەردەگیرێت.
ئێستا رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا 5.50٪ـیە، واتە هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی لە بەرامبەر دانانی هەر 100 دۆلارێک لە بانکەکانی وڵاتەکەی، 5.50 دۆلار زیادە وەردەگرێت و دەچێتە سەر پارەکەی.
لە بەرامبەریشدا ئەو رێژەیەی لێوەردەگیرێت لە بەرامبەر قەرز یان راکێشانی پارەکەی.
ئامانجی حکومەت و بانکی ناوەندی لەمەدا کۆنترۆڵکردنی خستنەڕووی دۆلارە.
کاتێک رێژەی سوود کەمدەکرێتەوە، واتە راکێشانی زیاتری پارە و دانانی کەمتر. ئەمە واتە هاتنی دۆلاری زیاتر بۆ نێو بازاڕ و دابەزینی نرخەکەی. دابەزینی نرخی دۆلاریش واتە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
لە بنەڕەتدا رێژەی سوود کاتێک زیاد دەکرێت، کە هەڵاوسان بەرز بێت.
لە ئاداری ساڵی رابردووە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا.
هۆکارەکە ئەوە بوو؛ لە حوزەیرانی 2022ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1٪. ئەو کاتە رێژەکە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجیەتی رێژەی هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت. ئێستا کە رێژەی هەڵاوسان [2.9٪ـیە] نزیکە لە ئامانجەکەی، بازرگانان شاگەشکەن بە ئەگەری بەهێزی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوودا.
مسقاڵی زێڕ؛ لە 10 مانگدا زیاتر لە 100 هەزار دینار
بە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان، ئەمڕۆ نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 10 هەزار دینار بەرزبووەوە.
هەر ئۆنسەیەک زێر 58 گرام و 7.78 مسقاڵە. ئەمە وا دەکات بەپێی رێژەی گۆڕانەکەی، نرخی مسقاڵیش لەگەڵ خۆی بەرز و نزم بکات.
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئێستا نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 605,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 = 530,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 = 455,000
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، وەک ئێستا هەیە، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
لە 4ـی مانگی رابردووەوە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 نەهاتووەتە خوار 500 هەزار دینار.
ئەمە واتە لە مانگ و نیوێکدا هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 30 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کاتێک بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و شەڕی غەززە دەستیپێکرد، نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 475,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 = 415,000
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 = 355,000
واتە، لە 10 مانگی رابردوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە بڕی 100 هەزار دینار، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە بڕی 115 هەزار دینار و عەیار 24ـیش 130 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
بۆ دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ، دەبێت نرخی ئۆنسەی زێر دابەزێت و نرخی دیناریش بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە. هەرچەندە لە کورتخایەندا ئەگەری دابەزینی زێڕ هەیە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن لە درێژخایەندا بەرزدەبێتەوە.
ئەوەی هیوایەکی بۆ دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ هێشتبێتەوە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی دینارە بەرامبەر بە دۆلار. بەپێچەوانەوە دابەزینی نرخی دینار، نرخی مسقاڵی زێڕ زیاتر بەرز دەکاتەوە.
بەرزبوونەوەیەکی دیکە لەم هەفتەیە؟
ئەگەر گرژییە جیۆسیاسییەکان زیادنەبن، هەینیی داهاتوو هەستیارترین رۆژی ئەم هەفتەیە دەبێت، کاتێک کاژێر 5ـی ئێوارە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش دەکات.
پاوڵ پێشتر رایگەیاندووە نزیکن لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، داتا ئەرێنییەکانیش ئەگەرەکە زیاتر دەکەن.
ئەمە وا دەکات بازرگان و وەبەرهێنەران بە وردی گوێ بۆ هەر وشەیەک بگرن کە لە زاری پاوڵ دەردەچێت، چونکە هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن کەسی یەکەمی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، ئەگەر هەیە زێڕ بگەیێنێتە ئاستێکی دیکەی مێژوویی.
داتاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کە سەرجەمیان لە بەرژەوەندیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودن وا دەکەن هەر بەرزبوونەوەیەکی دیکەی زێڕ ئەگەرێکی کراوە بێت.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 449 دۆلار بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ