بەهای زێڕ بەرزبووەوە و ئاستێکی مێژوویی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی 2500 دۆلاری تێپەڕاند و بە 2507 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە. هەروەها بەردەوامی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەسەر 2507 دۆلار داخرا.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی 12ـی ئەم ساڵ بەرزبووەوە بۆ 2546 دۆلار.
 
پێنوێنیی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکی دەپێوێت، رۆژی هەینی بەڕێژەی 0.4% دابەزی و بووە هۆکار ئەوەی کە نرخی زێڕ بەرزبێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە مێژوودا.
 
تای وانگ، بازرگانی سەربەخۆی زێڕ لە شاری نیویۆرک لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی لە رادەبەری نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە کڕیاران ویستی خۆیان لەبازاردا سەپاند."
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، ئێستا چاوەکان لەسەر وتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پێشکێشی بکات.
 
بازرگانان بەدوای ئاماژەی نوێن لەسەر چۆنییەتی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
 
بەپێی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر و نرخی وردەفرۆشی و هەستی بەکاربەر، کە هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزیوە و ئەوەش ئەگەری دابەزینی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە زیادکردووە.
 
ئێڤێیەرێت میلمان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (گەینز ویل کۆین) ئاماژە بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەدات کە خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە.