زیاتر لە 400 تانکەری ئێرانی هەڵگری گازوایلی عێراق لە سنووری ئەفغانستان گیریان خواردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، زیاتر لە سێ هەفتەیە 400 تانکەری ئێرانی، کە گازوایلی عێراق لە رێگەی خاکی ئێرانەوە دەگوازنەوە، لەسەر سنووری ئێران و ئەفغانستان گیریان خواردووە.
 
هەندێک لە شۆفێرانی ئەو تەنکەرانە بە میدیای ئێرانیان رایگەیاندووە، بەرپرسانی تاڵیبان رێگە بە بەتاڵکردنی بارەکانیان نادەن و ناهێڵن بڕۆنە دیوی ئەفغانستانەو.
 
یەکێک لە شۆفێرەکانیش دەڵێ 'ئەمە گازوایلی هەرێمی کوردستانە،' بەڵام بەرپرسانی ئێران تەنیا ناوی عێراق دەهێنن.
 
مەهدی جەعفەری، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری ئابووریی پارێزگای خوراسانی ئێران، کە لەگەڵ ئەفغانستان هاوسنوورە، رایگەیاندووە، گوایە کواڵێتیی ئەو گازواییلەی لە عێراقەوە بۆ ئەفغانستان گواستراوەتەوە، باش نەبووە و لەبەرئەوەش بەرپرسانی ئەفغانستان رێگە بە بەتاڵکردنی تەنکەرەکان نادەن.
 
لە دوای وەستانی بۆریی هەناردەکردنی نەوت، بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ دەدرێتە پاڵاوگەکان و لەوێشەوە جگە لە بەکارهێنانی نێوخۆیی لە رێگەی خاکی ئێرانەوە. هەناردەی وڵاتانی وەک ئەفغانستان دەکرێت.
 
د. حامی ساڵح هەرکی، شارەزای کارگێڕی و ئابووری، کە هاوکات خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەیە بە رووداوی رایگەیاند: "گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پاڵاوگەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ پەروێزخان و لەوێشەوە لە نزیک شاری قەسری شیرین کۆگەی گەورە دروستکراون و لە کۆگەکەدا بەتاڵ دەکرێن. لەوێشەوە بە تانکەری ئێرانی دەگوازرێنەوە بۆ ئەفغانستان."
 
بەپێی ئەو شارەزایە، بۆ گواستنەوەی یەک تۆن گازوایل، حکومەتی هەرێمی کوردستان 51 دۆلار رەسمی گومرگی لە بازرگان وەردەگرێت. کرێی تێچووی گواستنەوەکەشی بۆ یەک تۆن 100 دۆلارە.
 
د. حامی کە خۆی لە کەرتی گواستنەوە و لۆجستیک کاردەکات گوتی "هیچ بازرگانێک نایەت بۆ یەک تۆن گازوایل 150 دۆلار خەرج بکات، کەچی گازوایلێکی کواڵێتی خراپ بۆ ئەفغانستان بنێرێت." 
 
ئەو پێیوایە، کێشەکە سیاسییە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خودی ئێران و کۆمپانیاکانیشی گازوایل و نەوت هەناردەی ئەفغانستان دەکەن، 'رەنگە بە ئەنقەست ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان هەناردەی ئەفغانستان بکەن، یان بە شێوازێک بە نرخێکی هەرزانتر گازوایل بفرۆشنە ئەفغانستان بۆ ئەوەی بازرگانی ئەفغانی ناچاربکەن بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن.'
 
نرخی یەک تۆن گازوایل لە بازاڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 دۆلارە و لە نێوخۆی ئەفغانستانیش دوای زیادبوونی خەرجییەکانی گواستنەوە و گومرگ بۆ 650 تاوەکو 700 دۆلار بۆ یەک تۆن، بەرزدەبێتەوە.
 
جگە لە هەناردەکردنی بۆ ئەفغانستان، بەرهەمی گازوایلی هەرێمی کوردستان لە بەندەر عەباسیشەوە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت. سەرەتا دەگوازرێتەوە بۆ دوبەی و لە دوبەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ چین و چەندین وڵاتی دیکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە