نەینەوا لە هەناردەکردنى نەوتدا پێش کەرکووک دەکەوێت

17-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راگەیاندنی داهاتى هەناردەى نەوتی عێراق دەدرێتە وەزارەتى دارایی. لە چوار مانگى سەرەتای ئەم ساڵیشدا هەناردەى نەوتى گەیارە لە پارێزگای نەینەوا نزیکەى چوار بەرامبەر نەوتى کەرکووک بووە.
 
نیو ملیار بەرمیل نەوت لە چوار مانگدا
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا 411 ملیۆن و 599 هەزار و 405 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
 
لە کانوونى دووەمى 2024دا عێراق 103 ملیۆن و 508 هەزار و 238 بەرمیل نەوتى هەناردە کردبوو؛ 102 ملیۆن و 25 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانى نەوتى نێوەڕاست و باشوور بووە؛ یەک ملیۆن و 19 هەزار و 132 بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارە لە نەینەوا بووە، لە کاتێکدا 464 هەزار و 306 بەرمیلی لە کەرکووکەوە بۆ ئوردن هەناردە کراوە.
 
تێکڕاى هەناردەى رۆژانەى نەوت لەو مانگەدا 3.3 ملیۆن بەرمیل بووە؛ داهاتى نەوت لەو مانگەدا گەیشتووتە هەشت ملیار دۆلار و نرخى تێکڕاى نەوت 77.5 دۆلار بووە.
 
بۆ مانگى شوبات هەناردەى نەوتى عێراق بووەتە 99 ملیۆن و 592 هەزار و 311 بەرمیل، کە 98 ملیۆن و 183 هەزار و 554 بەرمیلی لە کێڵگەکانى نێوەڕاست و باشوور بووە، 975 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارەى نەینەوا بووە و 433 هەزار و 126 بەرمیلیش لە کەرکووکەوە هەناردە کراوە.
 
تێکڕاى هەناردەى رۆژانەى نەوت لەو مانگەدا 3.4 ملیۆن بەرمیل بووە، بەبێ ئەوەى ئەو وەزارەتە داهاتەکەى رابگەیێنێت.
 
بۆ مانگى ئادار هەناردەى نەوت 106 ملیۆن و 112 هەزار و 38 بەرمیل بووە، کە 967 هەزار و 492 بەرمیلى لە گەیارەوە بووە و 464 هەزار و 453 بەرمیل نەوتى لە کەرکووکەوە بووە.
 
لە نیساندا هەناردەى نەوتى عێراق 102 ملیۆن و 386 هەزار و 818 بەرمیل بووە؛ یەک ملیۆن و 16 هەزار و 962 بەرمیلی لە کێڵگەى گەیارەوە بووە، لە کاتێکدا هەناردەى نەوتى کەرکووک بۆ ئوردن 448 هەزار و 606 بەرمیل بووە.
 
داهات لە وەزارەتى نەوت وەرگیراوەتەوە
 
وەزارەتى نەوتی عێراق داهاتى مانگەکانى شوبات، ئادار و نیسانى هەناردەى نەوتى بڵاونەکردووەتەوە، پێچەوانەى مانگەکانى ساڵانى رابردوو کە بڕى هەناردەى نەوت و داهاتەکەى بە دۆلار بڵاودەکردەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "داهاتى نەوت لە وەزارەتى نەوت وەرگیراوەتەوە و دراوەتە وەزارەتى دارایی. بڕیارەکە ئەم ساڵ دراوە، بۆئەوەى سەرجەم داهاتەکان بگەڕێندرێنەوە وەزارەتى دارایی و لەوێوە بودجەى وەزارەتەکان بدرێت؛ بۆیە وەزارەتى نەوت چیدیکە داهاتى نەوت راناگەیێنێت."
 
جەمال کۆچەر گوتیشى، "لە بنەڕەتدا رێکارە یاسایی و دروستەکە بەو شێوەیە کە داهاتى نەوتى بچێتەوە وەزارەتى دارایی عێراق."
 
بەگوێرەی ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، داهاتى نەوت لە چوار مانگى سەرەتاى ئەم ساڵدا گەیشتووەتەوە 38 تریلیۆن و 26 ملیار دینار، لە کاتێکدا بەگوێرەى خشتەى بودجەى گشتیى 2024 پێشبینى ئەو وەزارەتە بۆ داهاتى نەوت 120.4 تریلیۆن دینارە، بەو پێیە لە چوار مانگەدا 31%ى پارەى پێشبینکراوى داهاتى نەوت و 18%ى تێکڕاى بودجەى 2024ى دابینکردووە کە 211 تریلیۆن دینارە.
 
نەینەوا لە هەناردەى نەوت پێش کەرکووک دەداتەوە
 
لە ماوەى چوار مانگى سەرەتای ئەم ساڵدا لە کێڵگەى گەیارە لە نەینەوا سێ ملیۆن و 978 هەزار و 586 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
 
دواى سێ ساڵ لە راگرتنى هەناردەى نەوت لە کێڵگەی گەیارە، لە ئایارى 2023 بۆ جارێکى دیکە ئەو پرۆسەیە دەستى پێکردەوە.
 
لە چوار مانگى سەرەتاى ئەم ساڵدا هەناردەى نەوتى کەرکووک یەک ملیۆن و 377 هەزار و 924 بەرمیل بووە، کە نزیکەى سێیەکى ئەو نەوتەیە کە لە گەیارەوە هەناردە کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە