دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەستپێدەکات و 350 ملیار دینار کورتهێنان هەیە

17-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەستپێدەکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار 350 ملیار دینار کورتهێنان هەیە و ئەگەر بەغدا 400 ملیاری دیکە نەنێرێت، پێش جەژنی قوربان هەموو مووچەخۆران ناتوانن مووچە وەربگرن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە؛ 17ـی حوزەیرانی 2023، لە سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، وەزارەتەکە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە پێش جەژن لە هەموو هەرێمی کوردستان تەواو بێت؛ بەڵام کورتهێنان هەیە و دەبێت بەگوێرەی داهاتی رۆژانە مووچەکە دابەش دەکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە، حکومەتی عێراق رازی بکات 400 ملیاری دیکە بە قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆران بنێرێت تاوەکو ئەو کاتەی بەگوێرەی یاسای بودجە پاکتاوی حساباتی شەش مانگی ئەمساڵ دەکرێت. سەرچاوەکە گوتی، "ئەگەر عێراق 400 ملیاری دیکە بنێرێت، پێش جەژن مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەش دەکرێت".
 
بۆ مووچەی مانگی نیسان بەغدا 800 ملیاری بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نارد و 140 ملیار لە داهاتی نێوخۆ پێویست بووە بۆ مووچە و "بە ئاسانی" بە داهاتی نێوخۆ پڕکراوەتەوە؛ 40 ملیاری لە سلێمانی و ئەوی دیکەی لە هەولێر و دهۆک پڕکراوەتەوە، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئایار تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 350 ملیار کورتهێنان هەیە و ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە خاو دەبێت و ئەستەمە پێش جەژن هەموو مووچەخۆران مووچەکەیان وەربگرن.
 
940 ملیار بۆ مووچەی مانگێک پێویستە
 
بەگوێرەی نوێترین داتای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، مانگانە 940 ملیار دینار بۆ مووچە پێویستە؛ لە 25ـی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە کە مانگانە 700 ملیاری مووچەی دابین دەکرد؛ ئەوەی ئێستا وەزارەتی دارایی پشتی پێدەبەستێت بۆ مووچە، هەناردەی پارەی عێراق و داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە.
 
14ـی ئەم مانگە حکومەتی عێراق 400 ملیاری بە قەرز بۆ مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نارد. ئەو بڕە و نزیکەی 190 ملیار داهاتی نێوخۆ بەردەستە و داهاتی نەوتیش نەماوە؛ بەپێی ئەوە بێ نزیکەی 350 ملیار دینار کورتهێنان بۆ مووچەی مانگی ئایار هەیە؛ ئەگەر بەغدا 400 ملیاری دیکە نەنێرێت، ئەوە دابەشکردنی مووچەی بەشێکی مووچەخۆران دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان، واتە سەرەتای تەمموز.
 
ناردنی پارە لە عێراقەوە دوای پەسندکردنی بودجە
 
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانی رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا؛ پڕۆژەیاساکە لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقە و دەبێت سەرۆککۆمار واژۆی بکات و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە پاشان دەکەوێت بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی رایگەیاند، دەبێ حکومەتی عێراق دوای پاکتاوکردن پارەی شەش مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، بەگوێرەی یاسای بودجە، دوای دەرکردنی تریلیۆنێک و 200 ملیار دیناری بانکەکان کە ئەمساڵ بە قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە، داهاتی نەوتی ئەمساڵ تاوەکو 25ـی ئادار، 50%ـی داهاتی دەروازەکان و قیستی بانکی (تی بی ئای) لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پارەی شەش مانگی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
دەبێت هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە پابەندی ئەم خاڵانە بێت:
 
- 400 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردە لە رێگەی بەندەری جیهان یان بەکارهێنانی بۆ پاڵاوتن و بەکارهێنانی نێوخۆیی.
 
-50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان.
 
- قیستی مانگانەی پابەندیی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر بانکی تی بی ئای.
 
- پێشکێشکردنی میزانی موراجعە (پێنوێنی پێداچوونەوە) لەلایەن وەزارەتی دارایی.
 
- رێککەوتنی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی بەغدا و هەولێر لەسەر میکانیزمی وردبینی و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی بۆ هەردوو هەژماری بانکیی هاتوو لە بڕگەی 6ـی خوارەوە.
 
- کردنەوەی دوو هەژماری بانکی لە بانکی ناوەندیی عێراق، یەکەمیان بۆ ئیداعکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و حیسابی دووەم بۆ ئیداعکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە