عێراق سەرجەم قەرزەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق سەرجەم ئەو قەرزانەی سندووقی نێودەوڵەتیی نەختی داوەتەوە، کە لەنێوان 7 بۆ 8 ملیار دۆلار بووە.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کارووباری دارایی، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوت، لە دوای ساڵی 2003ـەوە سندووقی نێودەوڵەتیی نەخت، نزیکەی هەشت ملیار دۆلاری بە قەرز دایە عێراق، عێراق هەمووی دایەوە.
راوێژکارەکەی سوودانی رایگەیاند: "لەو 21 ساڵەدا بەمەبەستی سەقامگیریی ئابووری و جێبەجێکردنی چاکسازییە داراییەکان سندووقەکە ژمارەیەک قەرزی بە عێراق داوە، لەنێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2021، عێراق ژمارەیەک پڕۆژەی پارەدارکردنی لەلایەن ئەو سندوقەوە پێدرا، لەوانە قەرزی لەناکاو و یارمەتیی دارایی درێژخایەن."
عێراق لە ساڵی 2016 لە چوارچێوەی ئامادەیی متمانەدان و پارەدارکردنی خێرا 5 ملیار و 340 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە چاکسازییە ئابوورییەکان بکات و لە پێنج ساڵدا سەرجەم پارەکەی گەڕاندەوە.
مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت، لەساڵی 2021 عێراق داوای شەش ملیار دۆلار قەرزی لە سندوقەکە کردووە، بەڵام بەدی نەهات.
نزیکەی 90٪ی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ لێكۆڵینەوە و راوێژی ئابووری، قەرزە نێوخۆییەکانی عێراق لە نیسانی ئەمساڵ گەیشتوونەتە 76 تریلیۆن و 976 ملیار دینار. لەکاتێکدا لە نیسانی 2023دا 69 تریلیۆن و 720 ملیار دینار بوو.