نوێنەرى عێراق لە UN: هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەشتن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرى عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم ئەنجوومەنى ئاسایش راگەیاند، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەشتن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت. رێککەوتنى بنەڕەتییان کردووە بۆ بەردەوامبوونی ناردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەو گوتانەى عەباس کازم، هەڵسوڕێنەرى کاتى کاروبارى نوێنەرایەتى هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکى ئەنجوومەنى ئاسایش بوو لە بارەى دۆخى عێراق.
عەباس کازم گوتى: "هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان كار لەسەر بەردەوامى سەقامگیرى پەیوەندى نێوانیان دەکەن لە سەرجەم بوارەکاندا بەتایبەت پرسی بودجە و مووچەى فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان."
لە مانگى نیسانى رابردووەوە حکومەتى فیدراڵى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێرێت. لە دوو مانگدا مووچەى مانگەکانى شوبات و ئادار و نیسانى ناردووە، بە گوتەى بەرپرسە عێراقییەکە بەهۆى بەردەوامى هاوئاهەنگى لە نێوانیان، گەیشتوونەتە چارەسەرى گونجاو لەبارەى پارەى مووچەخۆران، رێککەوتنى بنەڕەتییان کردووە بۆ بەردەوامى ناردنى.
کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى ئاسایش وەرزییە. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، راپۆرتى یونامیى لە بارەى دۆخى عێراق خوێندەوە.
هەڵسوڕێنەرى کاتى کاروبارى نوێنەرایەتى هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "تیمى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لە بارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان."
لە 25ـی ئاداری 2023 بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، بەپێی یاسای بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای نزیکەی 14 مانگ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.