جەمال کۆچەر: دەکرێت شەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو مادانەی لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگەی ناکۆکین، دەنگیان لەسەر نەدراوە، وەکو مادەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوەش دەکات، رەنگە رۆژی شەممە بودجە بخرێتە دەنگدانەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو تاوەکو درەنگانێک لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدا بوو، ئەوەش بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر مادە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و ئەمڕۆش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو مادانەی جێگەی ناکۆکین دەنگیان لەسەر نەدراوە و هەڵگیراون بۆ رۆژانی کۆتایی، لەوانەش مادەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان. رەنگە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمان کارەکانی تەواو بکات و رۆژی شەممە بودجە بخرێتە دەنگدانەوە."
هاوکات نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە لیژنەی دارایی دەنگدان لەسەر مادە و بڕگەکانی بودجە بەردەوامە و ئەمڕۆش درێژەی دەبێت. گوتیشی، ئەو مادانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان نەخراوەتە دەنگدانەوە.
بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان
ماددەی 13ـی و 14ـی رەشنووسەکە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە و پوختەکەی بریتییە لە:
- شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێتەوە، ئەوەش دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بەپشتبەستن بە ماف و پابەندبوونەکانی یاسای بودجەی ساڵانی رابردوو.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کێڵگەکانییەوە و داهاتەکەی دەبێتە داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی بەگەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، بەڵام دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان وردبینی لە داتاکاندا بکەن.
- وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبێت مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
- قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق لە رەسیدی بانکی عێراقی لای بانکە حکومی و تایبەتییەکان یەکلایی دەکرێتەوە؛ وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە بەخشتەکردنی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی حەوت ساڵ و لەساڵی 2023ەوە دەستپێدەکات.
- کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یەک هەژماری بانکی دادەنرێت بەبێ هیچ لێبڕینێک؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی رادەسپێردرێت دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و هەژمارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چاودێریی دەکرێت و سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی دیکە دادەخرێن.
- دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەستن بە وردبینی ئەو هەژمارەی دەکرێتەوە و چاودێریکردنی لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە مافی تەماشاکردنی سەرجەم گرێبەست و داشکاندنەکانی پەیوەست بە بابەتەکەی دەبێت لەگەڵ شایستەکانی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکردن.
- ئەو هەژمارە بانکییە بەهەموو ئەو پارەەیی دەچێتە نێوی و لێوەی دەردەچێت لەلایەن کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینی بۆ دەکرێت و راپۆرتی خولی لەبارەیەوە دەداتە دیوانی چاودێری لە بەغدا و هەولێر.
- داتا داراییەکان ساڵانە و شەش مانگ جارێک بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و چاودێری هەژمارە سەربەخۆکە (کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە) دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
- لیژنەیەک لە هەردوو لایەن پێکدێت بۆ پێداچوونەوەی گشتگیری ماوەکانی رابردوو پەیوەست بە نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەنێوان وەزارتی نەوت و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی تێڕوانێنێکی یەکگرتوو و بەپێی دەستوور هەبێت کە رەزامەندیی هەردوولای لەسەر بێت و جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی قۆناخەکانی رابردوو یەکلایی بکرێتەوە.
- لەکاتی هەر ناکۆکییەکدا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئەوەی پەیوەندیی بە ماف و پابەندبوونەوەکانەوە هەیە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکدەهێنرێت بۆ تەماشاکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و لەماوەی یەک مانگ لە دروستکردنییەوە راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیران بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.