بانکی ناوەندیی عێراق 274 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەهای دینار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق 274 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە. بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە زیاتر لە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام کاژێر 01:32ی پاشنیوەڕۆ 100 دۆلار بە زیاتر لە 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەهای دینار بەرزبووەوە.
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 بانکی ناوەندیی عێراق 274.7 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە کە 222.8 ملیۆن دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 51.9 ملیۆن دیناری بە شێوەی کاش بووە.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 145 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوە کرا، بەڵام دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری خستە بازاڕەوە، کاژێر 01:35 خولەکی پاشنیوەڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 144 هەزار و 200 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە کۆتایی مانگی نیساندا بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار لەنێوان 141 بۆ 142 هەزار دینار بوو، بەڵام دوو هەفتەیە بەهای دینار رووی لە نزمبوونەوە کردووە.
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیر بوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.