وەزیری نەوتی عێراق: داوای نەوتی هەرێمی کوردستانمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند بەمنزیکانە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە دەکرێتەوە، میکانیزمەکەش بەپێی رێککەوتنێک دەبێت کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.
حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن دەڵێت "پشتیوان بەخودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە." کە لە ئاداری 2023ـەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.
ئەو وەزیرە باسی میکانیزمەکەش دەکات و دەڵێت "ئەو میکانیزمەی لەرێگەیەوە نەوت وەردەگیرێت و هەناردە دەکرێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لەسەری رێککەوتووین."
باسی نووسراوێکیش دەکات کە بۆ حکومەتی کوردستانیان ناردووە و دەڵێت "نووسراوێکمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پێدانی ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانەوە بەرهەمدەهێندرێن بە کۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق کە کۆمپانیای سۆمۆیە و تاکە کۆمپانیای رێگەپێدراوە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق." بۆ ئەوەی لەڕێگەی بۆریی نەوتیی عێراقی - تورکی هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.
مافی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. حەییان عەبدولغەنی، دەڵێ "پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و حکومەتی ناوەندی نییە."
وەزارەتی نەوتی عێراق بە "پێویست"ـی زانیوە هەرێمی کوردستان کۆپیی گرێبەستە نەوتییەکانیان پێبدەن، "بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا بکرێت و بەپێی دەستووری عێراق بگونجێندرێت."
بەپێی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە زیاتر لە 50٪ـی نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن، زیانی راگرتنی ئەو ماوەیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق
رووداو: بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟
حەییان عەبدولغەنی: پشتیوان بە خودا، ئێمە نووسراوێکمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پێدانی ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانەوە بەرهەم دەهێندرێن بە کۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق کە کۆمپانیای سۆمۆیە و تاکە کۆمپانیای رێگەپێدراوە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، داوامانکردووە ئەو نەوتەمان پێبدەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی بۆریی نەوتیی عێراقی-تورکی هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.
رووداو: لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مافەکانیانەوە رێککەوتن کراوە؟
حەییان عەبدولغەنی: پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و حکومەتی ناوەندی نییە، بۆیە برایان لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە لە پێویستیی پێدانی کۆپیی ئەو گرێبەستانە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت و بەپێی دەستووری عێراق بگونجێندرێت پشتیوان بە خودا.
رووداو: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتیی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتەوە رێککەوتوون؟
حەییان عەبدولغەنی: ئەو میکانیزمەی لەڕێگەیەوە نەوت وەردەگیرێت و هەناردە دەکرێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لەسەری رێککەوتووین.