سوودانی: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا زەمینەسازییە بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، "زەمینەسازییە" بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
 
رۆژی دووشەممە 17-04-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەیە کە سوودانی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان دەیکات بە ئامانجی هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان. ئەوەش بە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت و جێبەجێکردنی کاری لە پێشینەی حکومەت.  
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا "دووپاتکرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و رێکخستنی پرۆژەی هەناردەکردنی نەوت، ئەمەش دوای رێککەوتنی کاتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی باکوورەوە کە زەمینەسازییە بۆ پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی."   
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە گرنگیدانی حکومەت کرد بە دۆسیەی وزە و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت پلانی هەیە پەرە بە کەرتی نەوت بدات کە لەسەر زەویدا وەبەرهێنان لە گازی سووتاو و چوونی عێراق بۆ نێو بازاڕی گازی جیهانی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها وەبەرهێنان لە کەرتی پترۆکیمیایی کە رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە ئایندەی ئابووریی عێراق، ئەمە وێڕای پەرەپێدانی کەرتی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت. 
 
رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەن و لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی (هەرێمی کوردستان) دەستپێدەکاتەوە." 
 
لەسەر بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی پاریس لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کە تاکە دەروازەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە راگیرا، بڕیارەکە دوای سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا دێت، ئەو بڕیارە بووە بۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەشێکی کێڵگەکانی نەوتیی هەرێمی کوردستان.
 
دوای 11 رۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت. بەڵام تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.