وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: دوای جەژن دەست بە دابەشکردنی ئارد دەکەین

17-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەفتەیە گەنمیان بەدەستدەگات و دوای جەژنی رەمەزان دەست بە دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی ئادار دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە 17-04-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم هەفتەیە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گەنممان بۆ دەنێرێت. دەبێت گەنمەکە بۆ سایلۆکان بنێردرێت، بۆیە دابەشکردنی دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان."
 
دوای جەژنی رەمەزان، بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، دەست بە دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی ئاداری ئەمساڵ دەکرێت و دەڵێت: "کوالێتییەکەی زۆر باشە. چەند مانگێکە ئەو گەنمەی بەدەستمان دەگات تێکەڵەیە لە گەنمی ئەمریکی، کەنەدی و ئوسترالی."
 
ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق حەوت بەشە ئاردی دابەشکرد و پێنج بەشە ئاردی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. لەبارەی ئەو دوو بەشە ئاردەی هەرێمی کوردستان کە نەدراوە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی قەرەبووی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە. ئەوان دەڵێن، ئەو کات گەنم نەبووە و بۆیە بۆمان نەناردوون. لیژنەکانی پەرلەمانی عێراقیشمان ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش لەگەڵیان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئاردمان بۆ بنێرن."
 
نەسرین محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی سلێمانیش بە رووداوی گوت، دابەشکردنی بەشە ئاردی دووەمی ئەمساڵ بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەم هەفتەیە گەنمیان بەدەست بگات، دوای جەژنی رەمەزان بەشە ئاردی سێیەمیش دابەشدەکەن. 
 
لەبارەی ئەو دوو بەشە ئاردەی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان کە دابەشنەکراوە، نەسرین محەممەد گوتی: "هەردوو بەشە ئاردی مانگەکانی 6 و 7ی ساڵی رابردوو فەوتان. دەبێت ئەگەر بە ئاردیش نەبێت بە پارە قەرەبووی هاونیشتمانییان بکرێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە