وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبێتەوە
رووداو - هەولێر
سبەی سێشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن کۆدەبێتەوە و بابەتی کۆبوونەوەکەش چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەو کۆبوونەوەیە، بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی لە رێگەی بۆریەوە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێبکاتەوە.
کۆمپانیاکانی نەوت ئاگادارکراونەتەوە کە لەڕووی تەکنیکییەوە کێڵگەکانیان ئامادەبکەن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی کە ئەم هەفتەیە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی رابردوودا، کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لە جیاتی هەناردەکردنی، نەوتیان کۆگا دەکرد.
لەبەر سنوورداربوونی توانای کۆگاکردن، کۆمپانیاکانی نەوت بەناچاری بیرە نەوتییەکانیان داخست و دەستبەرداری بەرهەمهێنانی نەوت بوون.
ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کاتێکدایە، بە گوتەی بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە حکومەتی عێراق نامەیەک دەنێرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی تورکیا و داوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.