پێشانگەی نێودەوڵەتیی نیویۆرک؛ 38 جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێشاندران

ا
رووداو دیجیتاڵ

ئۆتۆمبێلی سیلڤێرادۆ، دوایین بەرهەمی کارەبایی براندی شۆڤرلێتی کۆمپانیای جێنراڵ مۆتۆرزی ئەمریکییە کە لە پێشانگەی  نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێلی نیویۆرک پیشاندراوە. پێشانگەکە دوای دوو ساڵ داخران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ کراوەتەوە.
 
کایل سۆبا، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی شۆڤرلێت ئاماژە بەوە دەکات، "ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بە دڵنیاییەوە، لەبەردەستن بۆ هاووڵاتییان بۆئەوەی هەڵیانبژێرن. ئەمەی کە لەپشتی منەوەیە، جۆری سێلڤێرادۆی کارەباییە. توانای بڕینی 643 کیلۆمەتری هەیە بە یەکجار بارگاویکردن. 664 ئەسپ هێزی هەیە و دەتوانێت لە ماوەی پێنج چرکەدا خێراییەکەی بگاتە 96 کیلۆمەتر."
 
لە پێشانگەکەی ئەمساڵدا بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل بە خستنەڕووی 38 جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەنیازن سەرنجی سەردانکەران بەلای خۆیاندا رابکێشن.
 
لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی رابردوو چوار ملیۆن و 700 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون.
 
یەکێک لەو بەربەستانەی کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان هەیانە، کەمیی شوێنی بارگاویکردنە کە هەندێک لە کۆمپانیاکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەوەشدان.
 
مووشە کۆهن، دامەزرێنەری و بەڕێوەبەری کۆمپانیای گرەڤیتی دەڵێت، "ئەم بارگاویکەرانەی لەپشت منەوەن زۆر زۆر نوێن؛ ئەمە یەکەمین جۆری نوێی بارگاویکەری خێرایە لەم پێشانگەیەدا نمایشمان کردووە. کەمێک لە بەفرهەڵگرێک گەورەترە؛ بەجۆرێک دیزاینکراوە کە دەکرێت لە هەموو گەراجێک دابنرێت، تەنانەت لە شارێکی قەرەباڵخی وەکو نیویۆرک."
 
پێشبینیکراوە ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بفرۆشرێن؛ چاوەڕوان دەکرێت فرۆشی ساڵانەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە ساڵی 2025دا بەرزببێتەوە بۆ 15 ملیۆن ئۆتۆمبێل.
 
چەند کۆمپانیایەکی دروستکەری ئۆتۆمبێلیش رایانگەیاندووە، تاوەکو ساڵی 2030 جگە لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئۆتۆمبێلی دیکە بەرهەمناهێنن.