نێچیرڤان بارزانی: بەغدا بەردەوامدەبێت لە ناردنی پارەی مووچە

رووداو - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێ، حکومەتی عێراق مانگانە لە ناردنی 317 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت. رەتیشیدەکاتەوە بڕیاربێت ئێستا هیچ شاندێک بچێتە بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 17ی نیسانی 2018 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەخۆران ناردوویەتی، ئێمە پێمانوانییە کێشە لەمبارەیەوە دروستببێت". جەختیشیکردەوە کە کێشەی مووچەی پاسەوانەکان چارەسەردەکرێت.

حکومەتی عێراق کۆتایی مانگی رابردوو بڕی 317 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد، بڕیارە مانگانەش بەردەوامبێت. لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێی بۆ پاشەکەوتی مووچە راگەیاند و بڕی پاشەکەوتی بۆ 10% تا 30%کەمکردەوە.

ماوەیەکە لە دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکان هەواڵی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە بڕیارە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان سەردانی بەغدا بکات، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تەنیا لە راگەیاندنەکان گوێم لێبووە شاند دەچێتە بەغدا، هیچ شتێکی فەرمی لەنێوان ئێمە و بەغدا نییە بۆ ئەوەی شاند بچێت، هەرچەندە ئاساییە شاند بچێت، چونکە دانوستاندن لەنێوان هەردوولامان لە هەموو رووێکەوە بەردەوامدەبێت".

هەر لە کۆنگرەکەدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە هەواڵی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران راستە و قسەیان لەسەر کردووە، بەڵام تاوەکو ئیستا کاتەکەیان دیارینەکردووە ئەم مانگە دەبێت یان مانگی داهاتوو.

لەبارەی رەوشی کوردستان و باری دارایی و هەناردەکردنی نەوت و ئەم پرسانەش رایگەیاند: "بارودۆخەکە باشترە، ئەگەر ئێستا لەگەڵ دوو بۆ سێ مانگی رابردوو بەراوردبکەین و بەشێوەیەکی گشتی تەماشای بکەین، ئێمە هەنگاوەکانمان بۆ پێشەوەن نەک دواوە، هەموو شتێک بەدڵی ئێمە نییە، بەڵام پێمانوایە ئێمە لەسەر هێڵێکی راست بەرەو پێشەوە دەڕۆین".

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

پرسیار: وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان چ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ ئەو دەیان هەزار خانووەی تاپۆ نەکراوەو خەڵک چاوەڕێی تاپۆکردنیان دەکەن ، سەبارەت بە پرسی زێدەڕۆش لە ماوەی رابردوودا زۆر جار لەلایەن یەکە ئیدارییەکانەوە هەوڵی نەهێشتنی زێدەڕۆ دراوە ، بەڵام زێدەڕۆییەکان لەلایەن کەسانی باڵادەست و بەرپرسەکانەوە ئەنجامدراوەو یەکە ئیدارییەکان نەیانتوانیوە کاری خۆیان بکەن، ئایا ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو یاسایای دەردەچێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەو پڕۆژەیاسایەی ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دراوە دەچێتە پەرلەمان ، رێکاری داناوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە ، مەسەلەی زێدەڕۆ دوو سێ بەشە ، یەک بەش نییە دەرەوەی شارەوانییە ، زەوی کشتوکاڵییە ، ئەمانە هەمووی بەش بەشن ، پڕۆژەیاساکەی حکومەت رێگەچارەی داناوە بۆ ئەمانە و بە تەئکید لەو رێگە چارانە ئەوانەن کە بە زێدەڕۆ دروستکراون لە سنووری شارەوانی ، رێکاری پێویست دانراوە بۆ ئەوەی تاپۆ بکرێن ، بەڵام ئەوەی کە بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە ئەوەیە لە هەمان کاتیشدا رێکاریش دانراوە بۆ ئەوەی سنوورێک دابنرێت بۆ ئەو زێدەڕۆییانەی لەمەودوا دەکرێن ، بە تەئکید حکومەتی هەرێم جیدیە لەوەی کە رێگە بەوانە نادات.  

پرسیار: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چ ئاستێکدایە ، بڕیاریش بوو شاندێک بچێتە بەغدا ، ئایا ئەو شاندە کەی دەچێت ، ئایا ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەهات بەردەوامە لە هاتنی ، چونکە دڵەڕاوکێیەک لەلای هاووڵاتیان دروستبووە ، گوایە بەغدا پابەند نابێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: من تەنیا لە میدیاوە گوێم لێبووە شاند دەچێتە بەغدا ، لە راستیدا هیچ شتێکی فەرمی لە نێوانی ئێمە و بەغدا نەبووە بۆ ئەوەی شاندێک بچێتە بەغدا ، بەڵام زۆر ئاساییە ئەو دانوستاندنانە لە نێوانی ئێمە و بەغدا بەردەوام دەبێت لە هەموو روویێکەوە ، ئاساییە شاندی ئێمە بڕاوت و شاندی ئەوان بێت ، بەڵام بە تەئکید ئێستا بەرنوادەی ناردنی شاندێک هەبێت بۆ بەغدا ، ئەوە نییە.

سەبارەت بە ناردنی بڕە پارکەش ، هەتا ئێستا ئەوەی ئێمە دەزانین ئەوەیە کە بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی ، ئێمە پێمانوانییە کێشە لەو بابەتە دروست ببێت.

پرسیار: دەگوترێت کێشەیەک لە چارەسەرکردنی پاشەکەوتی مووچەی پاسەوانانی وەزارەتی ناوخۆ دروستبووە ، ئەوانیش ناڕەزایەتیان هەیە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی کە لە پەرلەمانە دەگوترێت نیەتێک هەیە بۆ ئەوەی پەسندکردنی بخرێتە دوای هەڵبژاردنەکان ، ئایا ئەمە راستە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەبارەت بە پرسیاری یەکەم بەڵێ کێشەیەک هەبووە لە مەسەلەی پاسەوانەکان ، وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی خەریکی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەن و چارەسەر دەکرێت ، سەبارەت بە پرسیاری دووەمیش ئێمە ئەو یاسایەمان ناردووەتە پەرلەمان ، بۆ ئەوەشمان ناردووە کە لە پەرلەمان پەسند بکرێت ، یاساکە هەنگاوێکی یەکجار زۆر گرنگە بۆ چاکسازی لە وڵاتی ئێمە لە هەموو روویێکەوە ، لەبەر ئەوە ئەوەی ئێمە وەکو حکومەت داوای دەکەین لە پەرلەمان ئەوەیە ، کە ئەم یاسایە بە زووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت و لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕێندرێت ، ئێمە هەتا ئێستاش بەو هیوایەن کە ئەو یاسایە پەسند دەکرێت و دەردەچێت.

پرسیاری پەیامنێری رووداو: هەوڵەکانتان لەگەڵ حکومەتی تورکیا گەیشتووەتە چ ئەنجامێک بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئایا هیچ هەوڵێک هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی هێزی ئەمنی هاوبەش لە کەرکووک بە بەشداری پێشمەرگە؟ لەکاتێکدا دەبینین داعش جموجۆڵی هەیە لەو ناوچەیە.

نێچیرڤان بارزانی:  سەبارەت بە گەڕانەوەی هێڵی ئاسمانی بۆ سلێمانی ، بەڵێ گفتوگۆ لە نێوان ئێمە و  ئەنقەرە لەو بابەتەدا هەیە ، ئێمە بەو هیوایەن بتوانین ئەو بابەتە چارەسەر بکەین ، سەبارەت بە پرسیاری دووەمیش ، تا ئێستا بە فەرمی دانوستاندنێک ، هیچ شتێک لە نێوان ئێمە و بەغدا و ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە نییە ، ئێمە بە دڵنیاییەوە زۆر نیگەرانین لە تێکچوونی باری ئەمنی لەو سنوورانە ، زانیاریشمان هەیە ، نیگەرانین لەوە ، پشتگیری لە ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە دەکەین ، پشتگیری لە هەنگاوەکانی بەغدا دەکەین بۆ مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیان لەو سنوورانە، ئەوەی کە پێویست بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ بەجێگەیاندنی.

پرسیار: ئایا پارتە سیاسییە کوردییەکان مەترسییان لە لەدەستدانی دەنگەکانیان هەیە لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردنە ، لە هەڵبژاردن هەمووشتێک دەبێت ، وەنییە بڵێی 100% هەموو کورسییەکان وەکو خۆی بەدەست دەهێنینەوە یان نا ، ئەمە دیار نییە ، هێشتا زووە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە ، پارتەکانی دیکە بارەگایان لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هەیە ، بەڵام ئەو مەجالە بە پارتی نەدراوە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە بکات و نە بارەگاشی هەبێت ، یەکێک لەو هۆکارانەش زۆر بەداخەوە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووکیش بکات مەسەلەی ئەمنی بوو ، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکان بوو، 

پرسیار: ئایا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا چییە؟ دەنگۆی ئەوە هەیە لەو مانگەدا 11 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و هاووڵاتیان بە گشتی دابەش دەکرێت ، ئایا ئەمە راستە یان هەر دەنگۆیە؟

نێچیرڤان بارزانی: ‌هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە گشتی هەرێمی کوردستان لەم بابەتەدا روونە ، هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەورەترین قوربانیدەری چەکی کیمیایین ، دوێنێ یادی کیمیابارانکردنی شێخ وەسانان بووە ، پێشتریش هەڵەبجە و بادنیان و شوێنەکانی دیکەش بووە ، ئێمە لە هەموو میللەتێک باشتر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تێدەگەین ، هەر هەنگاوێک ببێتە هۆکاری ئەوەی وڵاتان چەکی کیمیایی بەکارنەهێنن یان هەر لایەنێک ، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری دەکەین ، بەو هیوایەن سنوورێک دابنرێت بە هیچ شێوەیەک چەکی کیمیایی بەکار نەهێندرێت ، چونکە وەک باسمکرد گەورەترین قوربانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گەلی کوردستانی عێراقە.

سەبارەت بە دابەشکردنی پارچە زەوی ، من نازانم بە دیاریکراوی ئەم مانگە دەکرێت یان ناکرێت ، بەڵام بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی ، بەڵێ دامانناوە زەوی دابەش بکەین بەڵام تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتووین لەسەر میکانیزمی دابەشکردنەکە بۆ کێی و بە چ شێوەیەک دابەش بکرێت.

پرسیار: هەندێک ئامار هەن باس لەوە دەکەن 56 کاندید هەن کە بەشدارییان لە لیستە عەرەبییەکان کردووە ، ئایا ئەو کاندیدانە دەتوانن هاوسەنگی بگۆڕن و هاوکات کاریگەریش لەسەر دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: هەڵبژاردن ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە ، هەر قەوارەیەکی سیاسی هەر حیزبێکی سیاسی عێراقی دەتوانێت کاندیدی هەبێت لە کوردستان ، حیزبەکانی کوردستانیش بە تەئکید دەتوانن لیستیان هەبێت لە بەسرە و بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق ، ئەگەر پرسیار ئەوەیە کە ئەو بابەتە جێی نیگەرانی ئێمەیە ، ئەمە جێی نیگەرانی ئێمە نییە.

پرسیار: ئایا رەوشی دارایی هەرێمی کوردستان پرسی دابەشکردنی مووچە و نرخی نەوت بە گشتی لە چ حاڵێکدایە؟

نێچیرڤان بارزانی: دۆخەکە بەشێوەیەکی گشتی باشترە ، ئەگەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ ئێستا و دوو مانگ بەر لە ئێستا ئەگەر سەیر بکرێت بە گشتی هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوەیە نەک بەرە و دواوە ، هەموو شتێک بەدڵی ئێمە نییە بەڵام پێمانوایە ئێمە لەسەر هێڵێکی راست بەرەو پێشەوە دەچین نەک بەرەو دواوە.

پرسیار: ئەمڕۆ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند کە ئەم هەینییە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان تاران و  هەولێر دەستپێدەکاتەوە ، ئەمەش هەنگاوێکی تازەیە ، ئایا ئێوە چۆن لەو هەنگاوە دەڕوانن ، ئایا پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران لە چ ئاستێکدایە ، ئایا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەنقەرە لە چ ئاستێکدایە و کەی کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان ئێوە و ئەردۆغان دەکرێت.

نێچیرڤان بارزانی: خۆشحاڵین بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و هەولێر و سلێمانی ، ئەمە شتێکی زۆرباشە ، خۆشحاڵین بەو هەنگاوە ، پەیوەندی نێوان ئێمە و تاران باشە ، بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیمان باشە ، چوونی وەزیری پلاندانیش بۆ تورکیا لە چوارچێوەی ئەو داوەتە هات کە وەزیری ئابووری تورکیا بۆ وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستانی ناردبوو ، لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەش دیارە فرسەتێک هەبووە لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار دیدارێکیان ئەنجامداوە ، ئێمە خۆشحاڵین بەوە ، ئێمە بە تەئکید چاوەڕێی هەنگاوی دیکەین بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرە ئاسایی ببێتەوە ، تا ئێستاش بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات ، تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێمە ، هەمیشە هەرێمی کورستان خوازیاری ئەوەبووە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەبێت.