ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب و کۆنیاکی ئەورووپا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
شەڕی بازرگانیی ئەمریکا و ئەورووپا لە ئاسن و ئەلەمنیۆمەوە دەستیپێکرد؛ ئێستا بۆ شەڕی ویسکیی ئەمریکی و شەراب و شامپاینی ئەورووپی گۆڕاوە.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوەتە یەکێتیی ئەورووپا، ئەگەر پێناسی گومرگی بە رێژەی 50٪ لەسەر ویسکیی ئەمریکی جێبەجێ بکەن، ئەمریکاش بە رێژەی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپاین، کۆنیاک و هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی کحوولی دیکەی ئەورووپا دەسەپێنێت.
نیکۆلاس ئۆزانام، بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی هەناردەکارانی شەرابی فەرەنسا دەڵێ "باجی 200٪ بە مانای ئەوەیە هەناردەکردن بۆ ئەمریکا دەوەستێت. ئیدی ناکرێت یەک بووتڵیش بۆ ئەمریکا هەناردە بکرێت. باجی 200٪ بەو مانایەیە؛ ئەگەر ئێستا بووتڵێک شەراب بە 5 یۆرۆ بگاتە ئەمریکا، دوای ئەو بڕیارە نرخەکەی بۆ 15 یۆرۆ بەرزدەبێتەوە. هیچ کڕیارێک ئەوەی ناوێت."
خواردنەوە کحولییەکانی ئەورووپا 17٪ ـی بازاڕی ئەمریکا پێکدەهێنن. لەو رێژەیە، شەرابی ئیتالیا 7٪ و شەراب و کۆنیاکی فەرەنسا 5٪ـی پێکدەهێنن.
کۆمپانیای تیتانژی فەرەنسی، یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی شامپاینی فەرەنسی، ڤیتالی تیتانژی، سەرۆکی کۆمپانیاکەیە کە دەڵێ "بۆ تیتانژی، بازاڕی ئەمریکا 12٪ ـی کۆی هەناردەکاریمان پێکدەهێنێت، ئەوەش بە واتای ساڵانە 600 هەزار تاوەکو 800 هەزار بوتڵ دێت. بازاڕی ئەمریکا بۆ ناوبانگی براندەکەمان گرنگە."
ئەمریکا، هێندە خواردنەوەی کحوولی هاوردە دەکات، ئەوەندەی هەناردە ناکات. لەبەرئەوەش سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی هاوردەکراو، زیان لە فرۆشیارانی نێوخۆی ئەمریکا دەدات.
جولی فوڵتن، خاوەن دووکانێکی خواردنەوەی کحولییە لە سانفرانسێسکۆی کالیفۆرنیا، دەڵێ "کاتێک ئەو (دۆناڵد ترەمپ) دوایین جار سەرۆک بوو، بەهۆی سەپاندنی 25٪ـی پێناسی گومرگی، بازاڕی ئێمەی خراپ کرد. ئێستاش کە باسی پێناسی گومرگیی 200٪ـە، پەرداخێک شەرابی سانسەر کە ئێستا نرخەکەی 20 دۆلارە، بۆ 60 دۆلار بەرزدەبێتەوە. ئەوە هیچ مانایەکی نییە."
بازاڕی خواردنەوە کحوولییەکان لە ئەمریکا بازاڕێکی 175 ملیار دۆلارییە.
پێنجشەممەی رابردوو (13-3-2025)، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەڕێژەی 200٪ لەسەر خواردنەوە کحولییەکانی ئەورووپا کرد.
یەک رۆژ بەر لەوە، ئەورووپا پێناسی گومرگیی بەسەر بڕی 28 ملیار دۆلار کاڵای ئەمریکی دا سەپاند.
هەمان رۆژ، ئەمریکا پێناسی گومرگیی بەڕێژەی 25٪ لەسەر ئاسن و ئەلەمینیۆمی ئەورووپا خستەبواری جێبەجێکردنەوە.