نرخی نەوت بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە

ووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان، ئەمڕۆ نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 1٪ بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات؛ ئەمریکا بەڵێنی دا بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر حووسییەکانی یەمەن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو گرووپە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان رادەگرن.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-3-2025) نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 72 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 72 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان کە بەپێی بەرپرسانی تەندروستیی ئەو گرووپە لانیکەم 53 کەسی کردووەتە قوربانی، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکایە لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە؛ بە ئەگەری زۆرەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ چەندین هەفتە بەردەوام دەبێت.
بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان لە دەریای سوور، بووەتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی نیگەرانی لەسەر پچڕانی گواستنەوەی نەوت.
هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت بەڕێژەیەکی کەم لە ئاستی هەفتانەی بەرزبووەوە، بەوپێیەش کۆتایی بە دابەزینی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوو هێنا.
شارەزایانی گۆڵدمان ساکس پێشبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە نرخی نەوت دابەزاندووە بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووری ئەمریکا لەبەر ئەو شەڕە بازرگانییەی، دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر هاوبەشەکانیدا سەپاندوویەتی.
گۆڵدمان ساکس لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران نووسیویێتی، "پێشبینییەکانمان بۆ نرخی نەوتی برێنت لە 2025، 5 دۆلار دابەزاند بۆ 71 دۆلار. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە نزیکەی 64 دۆلار دەخەمڵێنین."