وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ عێراق لە بەرهەمی گەنمدا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکات بە جۆرێک کە بەرهەمەکە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر تۆنێک بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت.  
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی یەکشەممە 17ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنم دەستیانپێکردووە و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی لە هاوئاهەنگیدان و ئامادەکارییەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و تەرخانکردنی شوێنی وەرگرتن و کۆگاکردنی گەنم دیاری کردووە. 
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. حکومەتی عێراق ساڵی 2022 زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێویستی نێوخۆیی زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 
سەبارەت بە نرخی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، محەممەد خوزاعی گوتی، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی گفتوگۆ کراوە کە جووتیاران دوای رادەستکردنی گەنمەکانیان لە نزیکترین کاتدا شایستە داراییەکانیان وەربگرن".