کرێی گواستنەوەی نەوت بە کەشتی بۆ زیاتر لە 200 هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە


رووداو - هەولێر

بڕیارە رۆژی  18ی ئادار کۆبوونەوەی ئەندامانی تەکنیکیی وڵاتانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس لە ڤییەننا بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و سعودیە رووینەداوە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ.
 
رێککەوتنی نێوان ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس کە رێگریی کردووە لە 40% زیاد خستنەڕووی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، لە کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی دێت.
 
لە دوای کۆتاییهاتنی 8ـەمین کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە 6ی ئادار، نرخی نەوت بە رێژەی 38% بەهاکەی لەدەستدا و گەیشتە خوار 30 دۆلار؛ بەپێی هەندێک سەرچاوەش، سعودیە رایگەیاندووە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە نابێت و بە تێلی-کۆنفرانس بەشداری ناکات. هەندێک سەرچاوە رایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا دیارنییە کۆبوونەوەکە دەکرێت یان نا، ئەگەری دواخستنیشی هەیە.
 
لە 6ی ئادارەوە نرخی گواستنەوەی نەوت (کەشتیی نەوتی) کە توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، لە 30 هەزار دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 200 بۆ 300 هەزار دۆلار بەشێوەی رۆژانە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی کرێی گواستنەوەی کەشتیی نەوتی بەهۆی وڵاتی سعودیەیە کە دەستیکردووە بە  (بووکینگ) و پلانی خستنەڕووی زیادەی 2.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژیكدا بە هەرزانتر بۆ سەرجەم ناوچەکانی جیهان هەیە.
 
دابەزینی زیاتری نرخی نەوت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە سەریهەڵداوە، گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەش زیانێکی گەورەی ئابووریی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە.