بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا: نابێت پەلە... | رووداو.نێت

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا: نابێت پەلە بکەین لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود

17-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن هەڵاوسان لە ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە بانکەکە پەلە نەکات لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود.
 
ماری دالی، سەرۆکی لقی سان فرانسیسکۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکدا لە واشنتۆن رایگەیاند، "ئابووریی ئەمریکا لە دۆخێکی تەندروستدایە و سەقامگیریی نرخەکانیش نزیکە لە بەدیهاتن، بەڵام هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێن."
 
دالی، کە ئەندامی لیژنەی دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکیی ناوەندیی ئەمریکاشە دەڵێت، "تەواوکردنی ئەرکەکە پێویستی بە خۆڕاگرییە."
 
دالی باس لەوە دەکات، "پێویستە بەرەنگاری ئەو وەسوەسەیە ببینەوە کە بە خێرایی مامەڵە بکەین لەکاتێکدا پێویستمان بە ئارامی و ئامادەییە تاوەکو چالاکانە لەگەڵ پێشهاتە ئابوورییەکان کاردانەوەمان هەبێت".
 
رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی رابردوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی وەکو خۆی بهێڵێتەوە.
 
ئێستا رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا 5.50٪ـیە کە بەرزترین ئاستە لە 23 ساڵی رابردوودا.
 
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لەنێویشیاندا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە دەڵێن، ئامانجیانە هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ 2٪ دابەزێنن، ئەوکاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکەن.
 
بەڵام ئامارەکانی هەڵاوسان ناڕوونییەکانیان زیاترکردووە؛ سێشەممە 13-2-2024  وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 3.1٪ دابەزیوە.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1٪ـەوە گەیشتبووە 3.4٪.
 
پێش بڵاوکردنەوەی ئامارەکە، پێشبینی دەکرا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 2.9٪ دابەزێت، ئەوەش دەبووە نزمترین ئاست لەدوای ئاداری 2021ـەوە.
 
دابەزینی هەڵاوسان بە ئاستێکی کەمتر لە پێشبینییەکان، ناڕوونیی زیادکردووە لەبارەی کاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بەشێکیش هۆشداری دەدەن لە راگەیاندنی "سەرکەوتنی پێشوەختە" بەسەر هەڵاوسان.
 
وەک سەرۆکی لقی سان فرانسیسکۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، "پێویستمان بە کات و داتای زیاترە تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی هەڵاوسان زیاتر دادەبەزێت."
 
پێش بڵاوبوونەوەی ئاماری هەڵاوسانی دوو مانگی رابردوو لە ئەمریکا، پێشبینی دەکرا بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
 
بەڵام ئێستا بازرگان و بازاڕەکان رەشبینن بەو کاتە و، بەپێی شارەزایانی گرووپی CME کە تایبەتە بە خزمەتگوزاریی دارایی و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە دوو کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگەکانی ئادار و ئایار، 50٪ کەمترە.
 
بەڵام گرووپەکە پێیوایە، بە رێژەی زیاتر لە 80٪ ئەگەر هەیە لە کۆبوونەوەی 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
 
لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ــدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.
 
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانیانەوە؛ وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەکانیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵا کەمدەبێتەوە، بەوەش نرخی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزن، ئەوەش هەڵاوسان کەمدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە