ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی سۆیا دەچێتە دەرەوەی كوردستان

17-02-2018
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن سۆیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

كارگەكانی ئالیك لە كوردستان ساڵانە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار پاقلەی سۆیا بۆ بەرهەمهێنانی ئالیك دەهێننە هەرێمی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدا ژینگە و خاكی هەرێمی كوردستان بۆ چاندنی ئەم بەرهەمە زۆر لەبارە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 25 كارگەی ئالیك لە كوردستان هەن كە دەتوانن 385 تۆن ئالیك لە سەعاتێكدا بەرهەم بهێنن، ئەگەر رۆژانە تەنیا 8 كاژێر كاربكەن بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار تۆن، بەڵام بەهۆی گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەم، ساڵی رابردوو تەنیا 830 هەزار تۆن ئالیكیان بەرهەمهێناوە.

بارزان عەدنان، بەڕێوەبەری گشتیی كارگەی ئالیكی باراش بۆ بەرهەمهێنانی ئالیكی پەلەوەر لە شاری هەولێر، دەڵێت: "بەبێ پاقلەی سۆیا، ئالیكی تەندروست بۆ پەلەوەر بەرهەم نایەت، لە ناوخۆش ئەم بەرهەمە ناچێنرێت، بۆیە ناچارین هاوردەی بكەین".

لە بەرهەمهێنانی یەك تۆن ئالیكدا 200 كیلۆ سۆیا بەكاردێت، كارگەكانی ناوخۆش ساڵانە زیاتر لە 800 تۆن ئالیك بەرهەمیان هەیە و نزیكەی 200 تۆنیش خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر خۆیان بەرهەمی دەهێنن، بۆیە ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار تۆن سۆیا هاوردە دەكرێ‌. بارزان دەڵێت: "ئێستا یەك تۆن سۆیا بە 480 دۆلارە، بۆیە دەتوانم بڵێم ساڵانە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی سۆیا دەچێتە دەرەوە".

سۆیا لەخێزانی پاقلەمەنییەكانە، زۆر وڵات گرنگی بە چاندنی دەدەن، چونكە بەهایەكی بەرزی خۆراكی هەیە و  رێژەیەكی زۆر پرۆتین و زەیتی تێدایە، دوای دەرهێنانی زەیتەكەی، پاشماوەكەی دەبێتە بەشێكی گرنگ لە پێكهاتەی ئالیكی پەلەوەر و ئاژەڵ.

ئەو تایبەتمەندییەی سۆیا لە پاقلەمەنییەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە سەرجەم ئەو ترشە ئەمینیانەی تێدایە كە جەستەی مرۆڤ بۆ دروستكردنی پرۆتین پێویستی پێیەتی، پرۆتینەكەشی لە پرۆتینی ئاژەڵی باشترە، چونكە هیچ جۆرە كۆلیسترۆلێكی تێدا نییە.

 هەروەها ماددەیەكی كیمیایی تێدایە كە بە  Lecithinدەناسرێت و دەتوانێ كۆلیسترۆڵی نێو خوێن تێكبشكێنێ، بەشێوەیەكی گشتی ئەم رووەكە بۆ زیاتر لە 100 مەبەستی جیا بەكاردێت و تەنانەت دەتوانرێت شیر و پەنیری لێ دروست بكرێ‌، لە هەندێ وڵات بە گۆشتی هەژاران نێودەبرێ.

دكتۆر سەڵاح بەكر مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی گرووپی ڤانۆ بۆ پیشەسازیی پەلەوەر بە (رووداو)ی گوت: "بەپێی توێژینەوەكان ئاووهەوا و خاكی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی سۆیا، چاندن و بەرهەمهێنانیشی 4- 5 هێندەی چاندنی گەنم و جۆ سوودی ئابووریی زیاتری هەیە".

 دكتۆر سەڵاح دەڵێت: "دەتوانرێ هاوشێوەی پاقلە و فاسۆلیا، سۆیا بەڕێگەی پرژاندن و دۆڵپاندن بەئاوی بیر  لەدەشتەكان بچێنرێ و بە رووبەری فراوانیش لەكەنار رووبارەكان بچێنرێ، بەمەش رێگە لە چوونە دەرەوەی ئەو پارە زۆرە بگرین كە ساڵانە بۆ هاوردەكردنی سۆیا دەچێتە دەرەوە".

دكتۆر سەڵاح نموونە بە تاقیكردنەوەكانی خۆی و چەند ئەندازیار و شارەزایەكی ئەمەریكی دێنێتەوە و دەڵێت "لەساڵانی نەوەتەكان كە گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق بوو، لەڕێگەی رێكخراوێكی ئەمریكییەوە هەندێك تۆوی سۆیام دەستكەوت و چاندم. ساڵی 2010ش ئەندازیار و جووتیارێكی ئەمەریكی هاتە كوردستان و پەیوەندی پێوەكردم كە توێژینەوەی كردووە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان وڵاتێكی كشتوكاڵییە و خاك و ئاو و ژینگەكەی گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی سۆیا، شایستەی ئەوەیە هاوشێوە ئەمەریكا سۆیای لێ بچێنرێ‌". 

دكتۆر سەلاح دەڵێت بەنیاز بوو لەگەڵ ژمارەیەك وەبەرهێنی ئەمریكی، وەبەرهێنان لە چاندنی سۆیادا بكەن و بەشی ناوخۆ و عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێشی لێ‌ بەرهەم بێنن، سەرەتاش وەكو تێست دەست بە پرۆژەكە دەكەن. ئەو دەڵێت: "زەویمان بۆ پرۆژەكە دابین كرد، چەند جۆرێك سۆیامان چاند، دوای دوو ساڵ توێژینەوە دەركەوت دوو جۆریان بۆ كوردستان زۆر گونجاون. دواتر ئەمریكییەكان بڕیاریان دا دەست بە پڕۆژەكەیان بكەن و پسپۆڕ و شارەزا و پێویستییەكانی چاندنیان هێنا، گرێبەستیان لەگەڵ چەند جووتیارێكیش كرد، كۆمپانیایەكیان بەناوی ئەگری سۆیا دامەزراند و هاتە سەر ئەوەی ئەو دوو جۆرە تۆوە لە ئەمەریكاوە بهێننە كوردستان، بەڵام بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ بەبیانووی ئەوەی ئەو دوو جۆرە لەعێراق پەسندكراو نین، رێگەی پێنەدان، بۆیە ئەوانیش بەناچاری چەند جۆرێكی سۆیایان لە توركیا هێنا، جۆرەكانیش لەكوردستان سەركەوتوو نەبوون و بەرهەمی باشیان نەدا، هەر بۆیە لەپرۆژەكە كشانەوە".

ساڵی رابردوو جووتیارێكی پێشكەوتووی شاری هەڵەبجە بەناوی ئازاد محەممەد نزیكەی نیو كیلۆ سۆیای وەك تاقیكردنەوە لەكێڵگەكەی چاند و 30 كیلۆ بەرهەمی لێ هەڵگرتەوە.

ئازاد محەممەد دەڵێت: " لەم تاقیكردنەوەیە بۆم دەركەوت خاك و ئاوی هەڵەبجە زۆر گونجاوە بۆ چاندنی سۆیا، بەمەرجێك سۆیاكە ئاوی پێویست بدرێت و نێوانی هەر دوو نەمام نزیكەی 30 بۆ 40 سانتیمەتر بێت باشترین بەرهەم دەدات".

چاندنی سۆیا لە كوردستان سەركەوتووە

ئازوز ئەحمەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت "توێژینەوەمان لەسەر چاندنی سۆیا لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆمان دەركەوتووە خاك و ئاو و كەشی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی، بەڵام گرفتی چاندنەكەی لەوەدایە ئاو و كاتی زۆری پێویستە بۆ گەیشتن بە بەرهەم كە نزیكەی شەش مانگە".

ئازوز ئەحمەد گوتیشی: "ئەو هۆكارەی وای كرد ئەمریكییەكان پرۆژەی چاندنی سۆیا جێبهێڵن، تێچووی زۆر و ساغنەبوونەوەی بەرهەم بوو، نەك رێگەنەدان بەهاوردەكردنی ئەو تۆوەی دەیانویست".

بەرهەمی ساڵانەی كارگەكەی بارزان عەدنان، 60 هەزار تۆنە، بۆیە ئەو بۆ پێویستی كارگەكەی هەوڵی چاندنی ئەم بەرهەمەی داوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە. 

بارزان دەڵێت "خاك و ئاوی هەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ چاندنی سۆیا، بەڵام ئاوی زۆری دەوێت و پێویستی بەئامێری تایبەت هەیە، بۆیە بەرهەمهێنانی ئابووری نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە