وەزیری دارایی: لە بەغدا لەسەر نێوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە رێککەوتین

17-01-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر نێوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجەی گشتی لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون و چاوەڕوانن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نزیکترین دەرفەتدا پەسندی بکات. دەشڵێت، "لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە."
 
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی نێوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، "لەدوایین سەردانیان بۆ بەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر نێوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێککەوتن و هیوادارین لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت."
 
سەبارەت بە دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، "لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووەتە ئاراوە." ئومێدیان هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت هەردوولا بەتەواوی بگەنە رێککەوتن.
 
لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق لە 26ـی حوزەیرانی 2023ـەوە، کێشەی قووڵ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرکەوتن، بەغدا بەپێی خەرجیی پارێزگاکانی عێراق پارەی بۆ هەرێمی کوردستان رەوان کردووە، کە بریتی بووە لە 700 ملیار دینار و بۆ سێ مانگ لەو ساڵەدا، لەکاتێکدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بەشە بودجەیەکەتی بەپێی یاسای بودجە و هەرێمی کوردستان داوای ئەمە دەکات.
 
گوتەکانی ئاوات جەناب نووری دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، لە وەزارەتی دارایی کۆبووەوە.
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، "هەست بەو گوشار و کاریگەرییانە دەکەن کە لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران هەیە" و باس لەوەکراوە، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی حکومەتی کوردستان و عێراق بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر چڕ دەکەنەوە.
 
وەزیری دارایی حکومەتی کوردستانیش رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای بەرز نرخاندووە بەهۆی ئەو هەوڵانەیان کە بۆ" چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەیدەن"، راشیگەیاندووە "خەڵک و مووچەخۆری ئێمە لەوە زیاتر توانای بەرگەگرتنی گوشاری سیاسی و ئابووریی عێراقیان نەماوە." 
 
ئاوات جەناب نووری، باسی هێرشە مووشەکییەکەی 15ـی ئەم مانگەی ئێرانیشی بۆ سەر هەولێر کردووە و گوتوویەتی، "درێژکراوەی ئەو گوشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنییانەیە کە ماوەی چەند ساڵێکە خراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانجکردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەرێمەکەمان."
 
لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023یان وەرنەگرتووە، مووچەخۆرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەفتەی داهاتووەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024 وەردەگرن.
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە