گەورەترین بانکی ئەمریکا هەژمار بۆ سێ بانکی عێراق دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەرێمیی بانکی جی پی مۆرگانی ئەمریکی، کە گەورەترین بانکی تایبەت بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکانە لە ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق لە بوارەکانی بانکی و دارایی هاوئاهەنگ دەبن، وەکو قۆناخی یەکەم هەژمار بۆ سێ بانکی عێراقی لە بانکەکە دەکەنەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و خالید حوببوڵڵا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەرێمیی بانکی جی پی مۆرگانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئەفریقیا، لە داڤۆس کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی هاوئاهەنگییان لە بواری دارایی کردووە، بەتایبەت لە پێدانی بیرۆکەی پەیوەست بە مامەڵە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی بانکە ناوەندییەکان.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاندا (چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024)، گوتوویەتی لە هەنگاوەکانیان بۆ چاکسازیی دارایی و بانکی بەردەوام دەبن و، ئومێد دەکەن بانکە ئەمریکییەکە لەگەڵ سندووقی عێراق بۆ پەرەپێدان هاوئاهەنگ بن.
 
هەروەها خالید حوببوڵڵا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە؛ ئەوان ئامادەی هاوئاهەنگیی زیاترن لەگەڵ عێراقدا.
 
جی پی مۆرگان، گەورەترین بانکی ئەمریکایە و نزیکەی سێ تریلیۆن و 70 ملیار دۆلار سەرمایەکەیەتی. لە ساڵی 1799 دامەزراوە و بارەگای سەرەکیی لە نیۆیۆرکە، سێیەم گەورەترین کۆمپانیای پشکداریشە لە جیهاندا.