هەواڵە نەرێنییەکانی ئابووریناسان لە داڤۆس نرخی نەوتی دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک لە خوارووی 85 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.
 
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەو هەواڵە نەرێنییانە دەگەڕێتەوە کە ئابووریناسان لە داڤۆس لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەسەر خاوبوونەوەی ئابووریی جیهان باسی لێوە دەکەن.
 
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە 38 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 84 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 1 دۆلار و 16 سەنت دابەزی و بە 78 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهۆی رۆژی پشووی مارتین لۆتێرکینگ لە ئەمریکا هیچ مامەڵەیەک لە بازاڕی نەوت بە نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نەکرا.
 
بەپێی راپرسییەک کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس بڵاوبووەتەوە؛ 2 لەسەر 3ی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لەمساڵدا ئابووریی جیهان رووبەڕووی سستبوونەوە ببێتەوە. لە نێوان ئەو ئابووریناسانە 18٪ یان دڵنیان لەوەی کە ئابووریی جیهان سستدەبێتەوە.
 
ئەو پێشبینییانە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاسۆی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا ناڕوون و تەمومژاوی بێت و بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخەکانی نەوت.
 
نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 1910 دۆلار دابەزی 
 
نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.4٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 1910 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە 17-1-2023، نرخی زێڕ بەرزبووبووەوە بۆ ئاستی 1929 دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای مانگی 5 ی ئەمساڵەوە. 
 
بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە، بەوپێیەش بازرگانانی دوورکردەوە لە کڕینی زێڕ.
 
ئاجای کێدیا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری ( کێدیا کۆمۆدێتیز) رایگەیاند، "چاوەڕوانییەکان بۆ کەمتر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی زێڕ."
 
کێدیا پێیوایە کە پاشەکشەی نرخی زێڕ کاتییەوە تەنیا هۆکاری تەکنیکی هەیە.
 
بازرگانانی زێڕ و شرۆڤەکارانی بازاڕ پێشبینی دەکەن هاوکات لەگەڵ خاوکردنەوەی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، نرخی زێڕ ئەگەری بەرزبوونەوەی بۆ ئاستی 2000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک هەیە.