رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی سووری بەردەوامە لە دابەزین و هەر ملیۆنێک بۆ کەمتر لە 300 هەزار دینار دابەزی.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا لە هەولێر، یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 250 هەزار دینار بووە.
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، بەیانیی ئەمڕۆ هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بە 400 هەزار دینار بووە.
بەم پێیە، تەنیا ئەمڕۆ بەهای هەر ملیۆنێک لیرەی سووری 150 هەزار دینار دابەزیوە.
لە سلێمانیش بەهای لیرە بەهەمان شێوە دابەزی و هەر ملیۆنێکی بە 290 هەزار دینارە.
رۆژی شەممە ملیۆنێک لیرەی سووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 700 هەزار دینار فرۆشرا. دوێنێش بە 550 هەزار دینار فرۆشرا.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەی دراوی هەولێر بۆ رووداو دەڵێت: "ئێستا خواست لەسەر لیرە کەم بووەتەوە و هۆکاری سەرەکی دابەزینەکەش هەر ئەوەیە".
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام دوای رووخانی و لە 08-12-2024 و لیرەی سووری گەیشتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردووی و ملیۆنێک لیرە بە 285 هەزار دینار فرۆشرا.
لەبارەی مانەوەی لیرەی سووری، ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند: کە باردۆخی سووریا جێگیر بوو دراوی وڵاتەکە دەگۆڕن.
ئەمڕۆ دووشەممە بانکی ناوەندی سووریا، بە فەرمیی نرخی دراوە بیانییەکانی بەرامبەر لیرەی سووری دیاری کرد، کە یەک دۆلار (فرۆشتن) بە 12 هەزار و 500 لیرەیە، (کڕین)یش بە 12 هەزار و 650 لیرەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ