تمەنی ئێرانی دابەزی و ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای تمەنی ئێرانی زیاتر دابەزی و دۆلارێک 76 هەزار تمەنی تێپەڕاند.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 16-12-2024 لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر دۆلارێک گەیشتە 76 هەزار و 350 تمەن.
 
بەو پێیە، تەنیا ئەمڕۆ، تمەن 1.3٪ـی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە.
 
لە بازاڕەکانی باشووری کوردستانیش تمەن بەهەمانشێوە دابەزی. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێستا هەر 100 دۆلارێک بەشێوەی حەواڵە بە 7 ملیۆن و 680 هەزار تمەنە.
 
کەیفی خۆشناو گوتیشی، بەشێوەی کاشیش 100 دۆلار بەرامبەر بە 7 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە. بەڵام زۆرینەی مامەڵەی تمەن بە حەواڵەیە.
 
نیگەرانی لە سەپاندنی گەمارۆی زیاتر لەلایەن رۆژئاواوە بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە و، نزیکبوونەوەی کاتی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای تمەن دادەنرێن.
 
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراو لە ناوخۆیی ئێران پێیانوایە خواست بۆ کڕینی دۆلار لە بازاردا بەرزبووەتەوەو هاووڵاتیان و کۆمپانیاکانیش لەبەر نیگەرانییەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سامانەکانیان دەگۆڕن بۆ دۆلار.
 
سەرەتای ئەم مانگە یەک دۆلار بە نزیکەی 69 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا و بەوپێیەش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهای تمەن بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی  8٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بۆردی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بریارێکیان دژی ئێران دەرکردووە و رایانگەیاندووە ئامادەن بۆ گەڕانەوەی هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە، ئەگەر ئێران نزیکبێتەوە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
 
لەدوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی نێوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 7 ملیۆن تمەن؛ لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 70 هەزار تمەن.
 
گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران هاوکاتە لەگەڵ رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئێران بوو.
 
بێهنام بێن تالێبو، شرۆڤەکار لە دامەزراوەی "بەرگریی دیموکراسی" لە واشنتن دەڵێت، کەوتنی رژێمی ئەسەد کاریگەریی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت. ئەوەش بە زیان بۆ سەر بەهای تمەنی ئێرانی دەشکێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە