لیرەی سووری نزیکەی 50%ـی بەهاکەی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرزبوونەوە بەردەوامەکانی لیرەی سووری، ئەمڕۆ بەراورد بە رۆژی شەممە نزیکەی 50% بەهاکەی لەدەستدا.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، 16-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەک ملیۆن لیرەی سووری ئەمڕۆ بە 370 هەزار دینار دەفرۆشرێت".
رۆژی شەممە ملیۆنێک لیرەی سووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 700 هەزار دینار فرۆشرا. دوێنێش بە 550 هەزار دینار فرۆشرا. حاجی سابیر دەڵێت: "ئێستا خواست لەسەر لیرە کەم بووەتەوە و هۆکاری سەرەکی دابەزینەکەش هەر ئەوەیە".
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی رووداو بۆ دیمەشق گوتی، لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەو وڵاتە یەک ملیۆن لیرەی سووری 100 دۆلارە، کە دەکاتە 150 هەزار دینار.
بەهای دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە:
- 100 دۆلار بەرامبەر 150 هەزار و 500 دینارە.
- 100 دۆلار بەرامبەر 7 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانییە بە حەواڵە.
- 100 دۆلار بەرامبەر 3 هەزار و 410 لیرەی تورکییە.
- 100 یۆرۆ بەرامبەر 158 هەزار دینارە.
- 100 پاوەن بەرامبەر 178 هەزار و 500 دینارە.
- هەزار کرۆنی سوێدی 122 هەزار و 500 دینارە.