رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی بەرازیل بۆ ئاژەڵان بڵاویکردەوە، هەریەک لە ئیمارات، سعودیە و عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتە عەرەبییانەن کە زۆرترین مریشکیان لەو وڵاتەوە هاوردەکردووە. لەسەر ئاستی جیهانیش، چین زۆرترین مریشکی لەو وڵاتەوە هاوردەکردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەکە، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا عێراق نۆیەم وڵاتی جیهان و سێیەم وڵاتی عەرەبی بووە لە هاوردەکردنی مریشکی بەرازیلی. لەو ماوەیەدا عێراق 166 هەزار و 300 تۆن مریشکی هاوردەکردووە، ئەوەش 20.9٪ زیاترە بەراورد بە هەمان ماوەی پار.
لە هەمان ماوەی 2024دا، ئیمارات 424 هەزار و 700 تۆن مریشکی لە بەرازیلەوە هاوردەکردووە کە 7.2٪ی لەو ماوەیەی پار زیاترە. لە دوای ئەو سعودیەیە کە 341 هەزار و 100 تۆنی هاوردەکردووە کە 1.1٪ی لە پار زیاترە. سعودیە لە دوای ژاپۆنەوە چوارەم وڵاتی جیهان بووە لە هاوردەکردنی مریشکی بەرازیلی.
ریکاردۆ سانتین، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرازیل بۆ ئاژەڵان کە تایبەتە بە پێدانی پرۆتین بە ئاژەڵان، رایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی ئەو ئاژەڵانە دەکڕن کە پرۆتینی حەڵاڵیان دراوەتێ، ئەمەش ئەو رێگەیەیە وڵاتەکەیان گرتوویەتیەبەر و بووەتە هۆی زیادبوونی هەناردەکردنی مریشک بۆ ئەو وڵاتانە.
سانتین سەبارەت بە عێراق دەڵێت، هۆکاری زیادبوونی هەناردەیان بۆ عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی وڵاتەکەیە لە هاوردەکردنی مریشکی تورکی.
کۆمەڵە بەرازیلییەکە پێشبینی دەکات ئەم ساڵ 15 ملیۆن تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمبهێنن کە 1.1٪ی لە پار زیاترە. هەروەها، لەو بڕە بەنیازن 5.3 ملیۆن تۆنی هەناردەبکەن کە 3.1٪ی لە پار زیاترە.
بەرپرسانی کۆمەڵەکە پێشبینی ئەوەش دەکەن، ساڵی 2025 بەرهەمی گۆشتی مریشکیان 2.7٪ و هەناردەشیان 1.9٪ بەرزببێتەوە.
ئەمریکا یەکەم و بەرازیل دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گۆشتی مریکشن، بەڵام بەرازیل گەورەترین هەناردەکارە و 38٪ی هەناردەی گۆشتی مریشکی جیهان لەو وڵاتەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ