ئۆنسەی زێڕ بە 2652 دۆلارە و بازرگانان چاوەڕوانی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکان
رووداو دیجیتاڵ
بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن، کە ئەم هەفتەیە کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی رێژەی سوودی بانکی.
ئەو نادڵنیاییە بووەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ، نرخی زێڕ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا لە یەکەم رۆژی ئەم هەفتەیە، بەرزببێتەوە.
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ (دووشەممە، 16-12-2024) بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 2652 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و، ئۆنسەیەکی بە 2670 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
یپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ پێشتر لە بازاڕدا کاری پێکراوە، لەبەرئەوە بازرگانان چاویان لەوەیە بزانن بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو، چ سیاسەتێک دەگرێتەبەر."
ئەو شرۆڤەکارە هەروەها دەڵێ، ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی ئابووریی دۆناڵد ترەمپ، کاریگەریی بەرچاو لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا سبەی و دووسبەی کۆدەبێتەوە و لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەکەیدا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
رێژەی 93٪ـی بازرگانان پێشبینییان کردووە؛ بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەڕێژەی 0.25٪ سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەهای دۆلار دادەبەزێنێت و نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە.