سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024) سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت و سبەی دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت."
 
ئەو سەرچاوەیه گوتیشی، "لە نزیکترین کاتدا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـش دەکرێت."
 
ئێوارەی دوێنێ، وەزارەتى دارایی فیدراڵی لە دواى کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، رایگەیاند "430 ملیار دینار دەگوێزرێتەوە سەر مووچەى هەرێمى کوردستان. تیمى تەکنیکى هەردوولاش لە ماوەى 10 رۆژدا چارەسەرى تێبینییەکانى دیکە دەکەن، کە لەبارەى مووچەوە هەن."
 
وەزارەتەکە هەروەها گوتی "پێداچوونەوە بە کارەکانى لیژنەیەک دەکرێت کە بەگوێرەى فەرمانێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێکهێنراوە، بۆ ئەمەش پێوست بە ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان دەکات لەو لیژنەیەدا." 
 
حکومەتى فیدراڵی بڕیاری داوە سێ گوژمەى 760 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت بۆ مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم و کانوونى یەکەم، تاوەکو ئێستا یەک گوژمە لەو پارەیە نێردراوە، ئەو 430 ملیار دینارە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەی ئەو سێ مانگەیە بەو پێیەى بۆ هەرمانگێک هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە.
 
وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاندووە، هەرێمى کوردستان پابەندکرا بە خەرجکردنى مووچەى مانگی تشرینى یەکەم، گفتوگۆ و بەدواداچوونەکان بەردەوام دەبن لەگەڵ ئەو لیژنەیەى پێکهێندراوە بۆ تاوتوێکردنى ئەوەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، یاساى خانەنشینیی ساڵى 2019ـی عێراق بیانگرێتەوە.
 
هەر دوێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوکدا بڵاویکردەوە، "لە رۆژی سێشەممەوە 17-12-2024 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆران دەکرێت. گوتیشی "لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی دیکەش بەزووترین کات دابەش دەکرێت."
 
رۆژی 18-10-2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا، ئەمڕۆ 59 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە