چەند سەرچاوەیەک: ئەسەد لە دوو ساڵدا دوو تۆن دۆلار و یۆرۆی بردووەتە رووسیا
رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن، بەشار ئەسەد لە ماوەی دوو ساڵدا 250 ملیۆن دۆلاری نەختینەی بردووەتە رووسیا، پارەکەی بۆ دانەوەی قەرزی هاوکارییە سەربازییەکان بووە. "خێزانەکەشی خەریکی کڕینی موڵک بوون لەو وڵاتە."
رۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی چەند تۆمارێکی نهێنیی بانکیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریای بڵاوکردەوە. رۆژنامەکە دەڵێت، "بەشار ئەسەد لەنێوان ئاداری 2018 و ئەیلوولی 2019، دوو تۆن دراوی 100 دۆلاری و 500 یۆرۆیی، بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار بە کاش بۆ فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆی رووسیا ناردووە."
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و وڵاتانی رۆژئاوا هەمیشە سەرکۆنەی بەشار ئەسەدیان دەکرد بەوەی، "پارە و سامانی سووریا دەدزێت و لە کردەوە تاوانکارییەکان، بۆ پارەدارکردنی جەنگ و دەوڵەمەندکردنی خۆی بەکاریان دەهێنێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی سووریا پشتی تەواوی بە هاوکارییە سەربازییەکانی کرێملین بەستبوو، لەلایەکی دیکە ئەندامانی خێزانی ئەسەد خەریکی کڕینی موڵکی گرانبەها بوون لە مۆسکۆ."
رۆژنامەکە زانیاری لە Import Genius وەرگرتووە کە کۆمپانیایەکی ئەمریکییە و کار لەسەر داتای بازرگانیی جیهانی دەکات، دەڵێت، "لە رۆژی 13-05-2019 فڕۆکەیەک 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە نوێنەرایەتیی بانکی ناوەندیی سووریا گەیاندە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ لە مۆسکۆ."
هەروەها، "لە شوباتی 2019 بانکی ناوەندیی سووریا بڕی 20 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە دراوی 500 یۆرۆیی بۆ رووسیا ناردووە."
تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو دوو ساڵەدا 21 فڕۆکەی پڕ لە پارە نێردراونەتە مۆسکۆ."
بەگوێرەی ئەو کۆمپانیایە، کە لە ساڵی 2012ـەوە خەریکی کۆکردنەوەی داتاکانە: "پێش 2018 هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارە لەنێوان بانکی ناوەندیی سووریا و بانکەکانی رووسیا نەبووە."
دەیڤد شێنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند: "ئەو پارە ناردنە مایەی حەپەسان نییە، ئەسەد بەردەوام پارەی دەناردە دەرەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر سووریا و سامانەکەیدا بگرێت. رژێمی ئەسەد پێویستی بەوەبوو کە پارەکە بۆ شوێنێکی سەلامەت بنێرێت بۆ ئەوەی لە ژیانە شاهانەکەی خۆی و خێزانەکەی بەردەوامبێت."
بەگوتەی کەسێک کە زانیاریی لەسەر داتاکانی بانکی ناوەندیی سووریا هەیە و قسەی بۆ رۆژنامەکە کردووە: "پێش 2018 بە نزیکەیی هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارە نەبوو. بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە، بانک بڕیاریدا پارە بە کاش بنێرێت. بانکی ناوەندی پارەی گەنم و خزمەتگوزاریی چاپکردنی پارە و خەرجییەکانی بەرگری بۆ رووسیا دەنارد."
ئەو کەسە ئاماژەی بەوە کردووە، "بانکەکە بەگوێرەی بڕە پارەی نێو قاسەکان بڕیاریدەدا چەند پارە بنێرێت."
ئەیاد حەمید، توێژەر لە بەرنامەی گەشەی یاسایی سووریا گوتی: "رووسیا بۆ چەندین ساڵ شوێنێکی پارێزراوی داراییەکانی سووریا بوو."
تایمز دەڵێت، دوای ئەوەی لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشق دا گرت و ئەسەدیان رووخاند، بەشار ئەسەد هەڵات بۆ مۆسکۆ، "ئەمە زیاتر بەشێک لە دڵسۆز و لایەنگرەکانی بەشار ئەسەدی تووڕەکرد و بۆیان سەلما کە ئەسەد لە سەرووی هەموو شتێک، سەرنجی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی."
رۆژنامەکە هەروەها ئاماژە بەوەدەکات: "حوکمی لەرزۆکی ئەسەد لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە بە وەکالەتەکانەوە پشتگیری دەکرا، کە لە 2012ـەوە چوونە نێو جەنگەکە. هەروەها رووسیاش کە لە 2015ـەوە بەشداریی لە جەنگی ناوخۆی سووریا کرد."
لەگەڵ ناردنی هاوکاریی زیاتری مۆسکۆ بۆ دیمەشق، پەیوەندییەکانیشیان تووندوتۆڵتر بوو. "کۆمپانیاکانی رووسیا مادەی فۆسفاتیان بۆ سووریا دابین دەکرد."
بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە، "تۆمارە داراییەکانی رووسیا دەریدەخەن کە هەناردە ئاساییەکانی رووسیا بۆ سووریا لەوانەش چاپکردنی دراو لە رێگەی کۆمپانیای گۆزناکی رووسی، هەروەها ناردنی کەلوپەلی زۆری سەربازی، لە پێش و لەپاش ناردنی ئەو بڕە پارە زۆرەی بەشار بوو بۆ رووسیا."
ئەسما ئەسەد، خانمی یەکەمی پێشووی سووریا "رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هەژموون خستنەسەر هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، ئەو هەروەها ئەنجوومەنی نهێنی ئابووریی سەرۆکایەتیی سووریای بەڕێوەدەبرد." بەگوێرەی حکومەتی ئەمریکا: "ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە رێگەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و بە قاچاخبردنی سووتەمەنی، پارەی زۆریان دەستکەوتووە."
ناردنی پارەی سووریا بۆ رووسیا بووە هۆی ئەوەی واشنتن سزای ئابووری بەسەر دیمەشق دا بسەپێنێت. لە ساڵی 2015 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، "تۆمەتی ناردنی پارە و سووتەمەنی بۆ رووسیا دایە پاڵ ئەدیب مەیالە، حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا و بەتوول رەزا، یەکێک لە فەرمانبەرەکانی بانکەکە. بەتوول بەوە تۆمەتبار کرابوو کە دەیویست مادەی ئەمۆنیۆم نیتراتی کیمایی لە رووسیا بکڕێت کە لە دروستکردنی بۆمبدا بەکاردەهات."
چەند تۆمارێک کە دەست ئەو رۆژنامەیە کەوتووە، پێشانی دەدەن "بانکی RFK لە رووسیا پارەکانی وەرگرتووە. بانکەکە لەلایەن کۆمپانیای رۆزۆبۆرۆن ئێکسپۆرتەوە کۆنترۆڵکراوە کە سەر بە هێزە چەکدارەکانی رووسیایە."
ئەمریکا ئەم ساڵ سزای خستەسەر بانکەکە و بە "ئاڵوگۆڕی نایاسایی ملیۆنان دۆلار" تۆمەتباری کرد.
یاسر ئیبراهیم، نزیکترین راوێژکاری ئابووریی ئەسەد، خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی کۆمپانیای "حقوول"ـی لوبنانییە.
بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا: "حقوول لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵاوە بەڕێوەدەبرێت؛ بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ بە سەدان ملیۆن دۆلار، لە پێناوی رژێمی ئەسەد بکەن."
رۆژنامەکە دەڵێت: "بەگوێرەی سەرچاوە رووسییەکان، ئەیاد مەخلووف، پوورزای بەشار ئەسەد لە ئایاری 2022 کۆمپانیایەکی خانووبەرەی لە مۆسکۆ کردەوە بەناوی (زێڤیلیس سیتی)."
مەخلووف پلەدارێکی نێو هەواڵگریی رووسیا بوو، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لەکاتی کەوتنی بەشار ئەسەد و راکردن بەرەو لوبنان کوژراوە.
چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن، مودەلەل خووری، هاووڵاتییەکی رووسی-سووری بووە و "دەستی لە دامەزراندنی زێڤیلیس سیتی دا هەبووە. خووری لەلایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی ئاڵوگۆڕی پارەوە لە نێوان سووریا و رووسیا خرایە لیستی سزاوە."
رامی مەخلووف، برای ئەیاد یەکێک بووە لە گرنگترین بازرگانەکانی حکومەتی ئەسەد. "دەگوترێت نیوەی ئابووریی سووریا لە دەستی رامی دا بووە، ئەمەش لە رێگەی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیاوە، لەوانەش کۆمپانیای سووریا تێل کە تایبەت بوو بە تەکنەلۆژیای گەیاندن و مۆبایل. لە ساڵی 2020 ناکۆکی کەوتە نێوان رامی و بەشار، بۆیە ئەیاد و ئیهابی برای دووانەی لە نزیک بەشار و ئەسمای هاوژینی مانەوە."