نرخی نەوت دابەزی؛ 'پاشەکشەیەکی تەکنیکی و ئاساییە'

رووداو دیجیتاڵ 

نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، دابەزین.
 
وەبەرهێنەران چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (دووشەممە) 21 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 74 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 70 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی نەوت سنوورداربوو بەهۆی ئەوەی بازرگانان چاوێکیان لەسەر سەپاندنی گەمارۆی زیاترە بەسەر رووسیا و ئێران کە دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتن.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەمارۆکانی هەفتەی رابردووی ئەورووپا لەسەر رووسیا و چاوەڕوانییەکان بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران، نرخەکانی ئەم هەفتەی رابردوو بەرزکردەوە."
 
سایکامۆر دەڵێت دابەزینی رۆژی دووشەممەی نرخی نەوت، پاشەکشەیێکی تەکنیکی و ئاساییە.
 
جانێت یەلەن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە سزای ئەو بانکە چینییانە بدات کە مامەڵەکانی نەوتی رووسیا جێبەجێدەکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەدەخەکردنی ئەو کەشتییە نەوتییانەی نەوتی رووسیا دەگوازنەوە.
 
تووندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر نەوتی ئێران هەر لە ئێستاوە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە نەوتی خۆی هەرزانتر بە چین بفرۆشرێت.
 
پێشبینی دەکرێت؛ لەگەڵ هاتنەسەرکاری ترەمپ، گوشارەکانی سەر ئێران تووندتر ببنەوە.