لەندەن.. چوارەمین کۆنفرانسی نەوت و گازی کوردستان دەستیپێکرد

رووداو - لەندەن

چوارەم کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە لەندەن بە وۆرک شۆپێک دەستی بەکارەکانی کرد. لە وۆرک شۆپەکەدا کە لە دوو هۆڵی جیاواز بەڕێوەچوو، زیاتر لە 60 کەسایەتی و نوێنەر و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، هەروەها وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.

ناوەڕۆکی وۆرک شۆپەکان تایبەت بە لایەنی تەکنیکی و یاسایی وەبەرهێنان لە بواری نەوت بوو لە کوردستان و بە شێوەیەکی زانستی قسە لەسەر هەردوو بابەت کرا. پەرلەمانتارێکی کوردستانیش باس لەوە دەکات کە هەرچەندە کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە کوردستان و ناوی عێراقی لەسەر نییە، ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ کوردستان.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیشە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند کە حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیا بەشدارییەکی جیددیان لە کۆنفرانسەکەدا هەیە، گوتیشی نەوت تاکە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە چەند گرنگی پێ بدرێت کەمە.

لە کاتێکدا نرخی نەوت لە جیهاندا لە دابەزیندایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبکاتەوە.