دینار جێگیرە و زێڕ زیاتر دابەزی

16-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار جێگیرە و نرخی زێڕیش لە دابەزین بەردەوامە و بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە، هەر مسقاڵێک زێڕ 50 هەزار دینار دابەزیوە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 550 هەزار دینارە و عەیار 18 بە 470 هەزار دینار."
 
سێشەممەی رابردوو مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 555 هەزار دینار بوو، هەمان عەیار سەرەتای ئەم مانگە 603 هەزار دینار بوو.
 
لەبارەی نرخی عەیارەکانی دیکەی زێڕ، عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 628 هەزار دینارە و لە سێشەممەی رابردووەوە حەوت هەزار دینار دابەزیوە؛ هەروەها عەیار 22 بە 575 هەزار دینارە و لە سێشەممەوە پێنج هەزار دینار دابەزیوە.
 
بەهای دراوەکان
 
زیاتر لە مانگێکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار نزیکە لە جێگیربوون. رەوەز میررزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە 150 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 3 هەزار و 400 لیرەی تورکیایە؛ هاوکات یەک ملیۆن لیرەی سووریا بە 101 هەزار دینارە.
 
لەبارەی تمەنیشەوە رەوەز میرزا گوتی، 100 دۆلار بەرامبەر 6 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە بە نەختی و هەمان بڕ بە شەش ملیۆن و 900 هەزار تمەنە بە حەواڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە